دەنگدانەوەی داگیرکردنی شارەوانییەکانی باکور لە میدیاکانی جیهان

داگیرکردنی شارەوانییەکانی سێ گەورەشاری باکوری کوردستان، جگە لەوەی ناڕەزایەتیی گەلی بەدوای خۆیەوە هێنا، لە میدیاکانی کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، مدیا جیهانییەکانیش نەیانتوانی لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک بێدەنگ بن.


دوای هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازای ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا، قەیومەکان (خۆسەپێنەکان)ی ئاکەپە ناچاربوون شارەوانییەکان ڕادەستی ئیرادەی گەل بکەنەوە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە دیسان خۆی پێڕانەگیرا و دوێنێ هێرشێکی دیکەی دژی ئیرادەی گەل دەستپێکرد.

لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی یۆرۆنیوز کە بە چەندین زمان هەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە، هێرشەکەی ئاکەپە بۆسەر هەدەپە وەک "سڕینەوەی سیاسی" ناودەبات و باسی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەدژی داگیرکردنی شارەوانییەکان دەکات، هەرەوها قسەکانی سەلچووک مزراکلی هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەدی بڵاو کردەوە کە وتبووی "هەروەک چۆن بوومەلەرزەی ١٧ی ئابی ١٩٩٩ لە مێژووی تورکیا ماوە، لە باری سیاسی و بەهاکانی دیموکراسیشدا لە تورکیا ١٩ی ئاب جێی خۆی دەکاتەوە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا 'بی بی سی' بەریتانیی کە بە چەندین زمان بڵاو دەبێتەوە جێگەی بەم هێرش و داگیرکەریانەی ئاکەپە دژی کورد داوە و ئاماژەی بە ناڕەزایەتی خەڵک دژی لابردنی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان کردووە و نووسیویەتی "دەوڵەتی تورکیا پێشتریش و دوای کودەتاکەی هاوینی ٢٠١٦ ژمارەیەک لە شارەوانیەکانی شارە کوردییەکانی لەدەست کورد دەرهێنابوو" ئاماژەی بە ناڕەزاتییەکانیش کردووە و ڕایگەیاندووە  "پۆلیسی تورکیا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران، ئۆتۆمبێلی ئاوی بە تەوەژمی بەکار هێناوە".

ڕادیۆ دەنگی ئەمریکاش کە بە چەندین زمان هەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە ئاماژەی بە لەسەرکار لابردنی سێ هاوسەرۆکی شارەوانی شارەکانی ئامەد، وان و مێردین کردووە و  نووسیویەتی: "تورکیا چەند ساڵ لەمەوبەریش چەندین هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی شارە کوردنشینەکانی لەسەرکار لابردووە".

دویچە ڤێلەی ئەلمانیاش ئاماژەی بە داگیرکردنی شارەوانییەکانی سێ گەورەشاری باکوری کوردستان کردووە و نووسیویەتی: "ئەم کردەوەیەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هەبوونی سەربازیی سوپای تورکیا لە سوریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکان".

ئاژانسی ڕویتەرز-یش جێی داوەتە ئەو هێرشە و ئاماژەی بەوە داوە، کە دوای داگیرکردنی شارەوانییەکان پۆلیسی تورک بە شێوەیەکی توند دەستێوەردانی خۆپێشاندانی خەڵک کردووە و نووسیویەتی: " لە ٢٩ شاردا زیاتر لە ٤٠٠ ئەندامی هەدەپە کراونەتە ئامانجی هێرشەکان"، ڕویتەرز هەروەها ئاماژەی بە ناڕەزایەتی جەهەپە، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیری پێشووی ئاکەپە کردووە دژی داگیرکردنی شارەوانییەکان.

ڕۆژنامەی Tageszeitungی ئەڵمانیا بەبیری هێناوەتەوە کە ئەردوغان پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە، "هەندێک سیاسەتمەدار کە دژی سیاسەتەکانی ئەون، تەنانەت ئەگەر هەڵبژێردرێن لەکار دوور دەخرێنەوە" و نووسیویەتی: بابەتی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە مێژەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو".

ڕۆژنامەی "لموند"ی فەرەنسا هەواڵێکی بە مانشێتی "فشارەکان لە تورکیا" بڵاو کردووەتەوە و داگیرکردنی شارەوانییەکانی وەک "کودەتایەکی نوێ لەدژی ئۆپۆزیسیۆن" بەناو کردووە و نووسیویەتی: "لەساڵی ٢٠١٦ـەوە فشارێکی گەورە دەخرێتە سەر هەدەپە".

لە هەواڵێکیدا Neue Zurcher Zeitungی سویسرا ئاماژەی بە کودەتا ساختەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ـدا کردووە و نووسیویەتی: "ئەردوغان بەو کۆدەتایە بە شێوەیەکی کراوە نیشانیدا کە بەرژەوەندیی لە چارەسەری ئاشتیانە نییە، هەروەها بە فشار و توندوتیژی دەتوانێت چۆک بە کوردان دانێت و بیانتوێنێتەوە، کوردیش لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاردا بە ڕوونی نیشانیاندا کە هەوڵدانێک لەو شێوەیە سەرکەوتوو نابێت".

ڕۆژنەمەی Die Presseی نەمسا وێنەیەکی هێرشکردنی پۆلیسی دەوڵەتی تورک بۆسەر خەڵکی ئامەد بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەردوغان لەدژی هەدەپە زیاتر توند بووەتەوە و هاوسەرۆکانی شارەوانیی لەکار دوور خستووەتەوە"، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "چوارچێوە و بەڕێوەبردنی هێرشی پۆلیسەکان، نیشانیدا کە کۆدەتایەک لەدژی کورد ماوەیەکی دوور لەمەوبەر پلانی بۆ  داڕێژراوە".

س.ح