دەنگی ژنە مامۆستاکەی ڕۆژهەڵات دەگەیەندرێتە ناوەندە جیهانییەکان

ناوەندی  (PEN)ی کورد کە سەر بە ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەییە، دەنگی زارا محەمەدی مامۆستای دەستگیرکراو لە ئێران دەگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان.


کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕ لە ناوەندی (PEN)ی کورد، لە راگەیاندراوێکدا ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی لە دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایە ئاگادارکردەوە، کە پێنجشەممەی ڕابردوو لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستاش بێ سەروشوێنە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:"زارا موحەممه‌دی، مامۆستای خۆبه‌خشی زمانی كوردی، به‌هۆی ئەوەی كه‌ منداڵانی کوردی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایک کردووە لەگەڵ دووهاوکاری دیکەی به ناوی 'ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری'، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ دەستگیرکراون، به‌ پێی هه‌واڵه‌كان، ڕۆژی شەممە هەردوو هاوکاری خاتوو زارا ئازاد کراون، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە خودی ئه‌و مامۆستایه‌ نییە."

لە هەمان ڕاگەیاندراودا ئاماژە بە مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک لە جارنامە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤدا کراوە و هاتووە "پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک، لە چەندین جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەیان پێکراوە و بە یەکێک لە مافە هەرە گرنگ و سەرەکییەکان پێناسه‌ كراوه‌، ئەمە جگە لەوەی کە له‌ جاڕنامەی جیهانی زمانی دایكیشدا كه‌ لە ساڵی ١٩٩٦ و لە ٥٢ مادەدا پێکهاتووە، زۆر به‌ وردی باسی پشتیوانی له‌‌ زمانی کەمینەکان كراوه‌ و ئەرکی دەوڵەت لەو ڕووەوە ده‌ستنیشان کراوە".

هەر ڕاگەیاندراوەکەدا مانیفیستۆی جیرۆنا وەبیر ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی هێنراوەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٣ لەبارەی مافەکانی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک لەلایەن هەمان ناوەندەوە بڕیاری لێ دراوە، ئەوەش هاتووە کە: "لە مانفیستۆی جیرۆنای رێکخراوی (PEN)ی نێونەتەوەییدا، کە لە ساڵی ٢٠١٣ له‌ ١٠ خاڵدا دەرچووە، ئەو مافە بۆ هەموو گەلێک بە ڕەوا و پێویست زانراوە، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌ركێك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەی و هەموو ناوەندەکانی بەرگریكردن له مافه‌ كولتوورییه‌كان و زمان كه‌ پارێزگاری لێ بكه‌ن، کەچی ئێستا لە ئێران ژنە مامۆستایەکی خۆبەخشی زمانی دایک، له‌ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووه‌وه‌ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراوە و چەندین ڕۆژە بێسەروشوێنە."

ناوەندی(PEN) نێونەتەوەیی كە لە ساڵی ١٩٢١ی زاینی لە لەندەن دەستی بە چالاكی خۆی كردووە، بۆ نووسەرانی جیهانی بوەتە هۆی پەیوەندی، گوتوبێژ و یەكگرتن "خەبات دەكات بۆ پێشكەوتنی وێژە و ئازادی ڕادەربڕین"، فیدراسیۆنەكەی لە پتر لە ١٤٤ ناوەندی سەربەخۆی نەتەوەی جیاواز پێكهاتووە و دەیان هەزار ئەندامی هەیە لە سەرتاسەری جیهان.

ناوەندی (PEN)ی كورد، لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن  نووسەری كورد،(حسێن ئەردەم)ەوە كاری بۆكراوە، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ لە شاری كامبریج لە وڵاتی بەریتانیا، لە كۆنگرەی (PEN)ی جیهانیدا پێشنیاری دروستكردنی ناوەندی (PEN)ی كورد كراوە و لە هەمان كاتیشدا قبوڵ كراوە، لەو كاتەوە تا ئەمساڵ ناوەندی (PEN)ی كورد هەر سێ ساڵ جارێك كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و دەستەیەكی نوێ هەڵدەبژێرێ بۆ ئەنجامدانی كارەكانی، وابڕیارە كۆنگرەی دەیەمیش لە ٢١ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە شاری ئۆلدێنبۆرگی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.

س.ح