دەیان هەزار کەس لە ڕوسیا دژی دەوڵەت ڕژانە مەیدانەکان

دەیان هەزار کەس بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد ڕژانە مەیدانەکان و سەدان کەسیان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ڕوسیاوە دەستگیر کران.


دوێنێ لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا دەیان هەزار کەس کۆبوونەوە دژی ئاستتەنگی دروستکردن بۆ بەشداربوونی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کە ٩ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت خۆپێشاندانیان کرد.

بە وتەی ئۆپۆزیسیۆن نزیکەی ٥٠ هەزار کەس بەشدارییان لەو خۆپێشاندانە کردووە کە لە مۆسکۆ بەڕێوە چووە، بەڵام کاربەدەستان ژمارەی خۆپێشاندەرانیان ٢٠ هەزار کەس ڕاگەیاندووە.

لەو خۆپێشاندانەدا لانی کەم ١٣٥ کەس لە مۆسکۆ دەستگیر کراون و لە شارەکانی دیکەش وەکو سێنت پترزبورگ و ڕۆستۆڤ ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە ٢٧٥ کەس.

س.ح