رواندزییەكان پەردەیان لەسەر پەیكەری خۆشەویستەكەیان لادا

لە شارۆچکەی ڕواندوز، بە بەشداری هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران پەردە لەسەر پەیکەرێک بۆ هاوڵاتییەکی بەساڵاچوو دانرا، کە بە 'وەرداش'ی خۆشەویست بەناو دەکرێت و تێچووەکەشی لەلایەن هاوڵاتییانەوە دابینکراوە.


ئەمڕۆ لە شارۆچكەی ڕواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی هونەرمەند، هاوڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان، پەردە لەسەر پەیكەری وەرداش كە بە خۆشەویستەكەی ڕواندز ناسراوە لادرا، ئەركی چاودێریكردنی پەیكەرەكەش ڕادەستی شارەوانی كرا.

مستەفا ئیبراهیم، کە بە 'وەرداش' ناسراوە، لە دایكبووی ساڵی ١٩٥٤ی شارۆچکەکەیە و بەهۆی ناجێگیریی باری دەروونییەوە، لە بەیانیان تا درەنگانی ئێوارە، کوچە و کۆڵانەکانی ڕواندوز لە خاشاک پاک دەکاتەوە.

تەنایی و قسەخۆشیی وەرداش لە ڕواندز، بووەتە كەسێكی خۆشەویست، ئەمەش بووەتە هۆکار تا پەیکەرێکی بۆ سازبکرێت.

پەیکەرەکە لە لایەن بەشی پەیکەرسازیی هونەرە جوانەکانی شارۆچکەکەوە بۆ بە وەرداش دروستکراوە.

وەرداش لەلایەن زۆر لە هاوڵاتیانی  شارۆچکەکەوە چاودێری تەندروستی دەکرێت، هەرچەندە خۆی یەکێک لە ئامادەبووانی مەراسیمەکە بوو، بەڵام بەهۆی جیهانە تایبەتییەكەیەوە نەیتوانی هیچ قسەیەك لەسەر وەفاداری شارەكەی بكات، بەخێوکەرەکەی حەبیە خدر لە مەراسیمەکەدا بۆ ئامادەبووان دوواو دڵخۆشی خۆی دەربڕی و سوپاسی دانیشتوانی سنوورەکەی كرد، ئامادەبووانیش پەردەلادانی پەیكەری وەرداشی بە حەبیبە سپارد.

دوای لادانی پەردە لەسەر پەیكەری وەرداش، دانا مستەفا بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرەجوانەكانی ڕواندز، قسەیکرد و وتی: بە شانازییەوە ئەم پەیكەرە بە دنیا دەناسێنین و پاراستنی پەیکەرەکەش بە شارەوانی ڕواندز دەسپێرین.

لەم بارەیەوە مامۆستا سۆران سەعدی لە بەشی پەیکەرسازی بۆ ڕۆژنیوز باسی هۆکاری دروسکردنی پەیکەرەکەی کرد و، وتی: وەرداش بەهۆی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە پێویستی بە هاوکارییەکی مرۆڤ دۆستانە هەیە، ئێمەش لە پەیمانگا بڕیارماندا لەبەرامبەر ئەو قسەخۆشی و ئەو كارە جوانەی لە بواری ژینگە و پاککردنەوەی شارەکەیدا هەموو ڕۆژێک دەیكات، پەیكەرێکی بۆ دروستبكەین".

مێڤان دارا یەکێک لە پەیکەرسازانی پەیکەرەکە، باس لە خۆشەویستی وەرداشکرد و، وتیشی: بۆ من شانازیە كە بەختیاوەرم بوو لە دروستكردنی پەیكەر بۆ وەرداش، دروستكردنی ئەو پەیكەرە سێ مانگی خایاندووە و هاوڵاتیانی ڕواندز تێچوەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.

شایەنی باسە، لە شارۆچکەی ڕواندز، جگە لە هونەرمەند و ڕۆشنبیران و كەسایەتییە كۆمەلایەتییەكان پەیكەر بۆ كەسیتر دروستنەكراوە، تا ئێستاش هەریەك لە حوسێن حوزنی موكریانی مێژوونووس، میرمحەمەد میرنشینی سۆران، مستەفا زرار هونەرمەند لەگەڵ وەستا رەجەب لەو شارۆچکەیە پەیکەریان بۆ دانراوە.

س.ح