زانایانی ئەمریکا: ڕۆژئاوای دیموکراتی سەردەکەوێت

٢٠٠ زانا و ئاکادمیستی ناوداری جیهان، کە لەناویاندا نوام چۆمسکی و چەند ناودارێکی دیکەی جیهانی تێدایە، لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژژئاوای کوردستان بەشداری کەمپەینێک بوون و بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە داوای پشتیوانیان لە جیهان کرد و ڕایدەگەیەنن کە: ڕۆژئاوای دیموکراتی سەردەکەوێت.


دوای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ٢٠٠ نووسەر، زانا، ڕۆشنبیر، گروپ و ڕێکخراوە هەرەوەزییەکان، لە ٢١ وڵاتی جیهان، دژی ئەو هێرشانە کەمپەینێکیان بۆ بایکۆتی تورکیا دەستپێکرد، نوام چۆمسکی، میچل لۆیی و جانت بێل کە بەشدارن لەو کەمپەینەدا، لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گرنگی پاراستنی نمونەی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" دووان.

جانت بێل ناڕەزایەتی خۆی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا دەردەبڕێت و وەک خیانەتکردن لە کوردەکانی دەزانێت و دەڵێت: ئەمە بە تەواوەتی نامەنتقی، نا ئەخلاقی و نامرۆڤانەیە، ترامپ دەیەوێت ببێتە دیکتاتۆرێک، بۆیە ڕێگەی بە داگیرکاری ئەردۆغان لەدژی سیستمی ئاشتیخواز و دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوە، ئەو ناوچەیە تێکدرا، کورد و کرستیان کوژران و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کرانەوە.

بێل، دواتر لەسەر باسی سیستمی یەکسانی ڕۆژئاوا، دەڵێت: شەرم دەکەم و زۆر غەمگینم کە وڵاتەکەم خیانەتی لەو مرۆڤانە کرد، هەروەها بانگی لە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهان کرد کە پشتیوانی لە قەسەدە بکەن و وتی: بۆ دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە ڕۆژئاوا گەل دەتوانن فشار بخەنە سەر دەوڵەتەکانیان، دەتوانن داوا لە دەوڵەتەکان بکەن کە لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانی قەسەدە بکەن لەدژی تورکیا، دەتوانن هاوکارییەکانیان بگەیننە مانگی سوری کوردستان، دەتوانن فشار بخەنە وڵاتەکەیان تا پشتیوانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی بکەن، پێویستە بزانرێت پێگەی کورد، بەڕێوەبەری و ڕاستی خۆبەڕێوەبەری، بەناچاری ڕۆژێک قبوڵ دەکرێت.

لای خۆیەوە نوام چۆمسکی، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە تاوانی شەڕ ناو دەبات و دەڵێت: لە قۆناغەکانی پێشوودا دڕندەیی و پاکتاوی نەژادی هەبوو، ئێستاش ترامپ بە خیانەتی خۆی، خیانەتێکی دیکەی بۆ لیستەکەی زیادکرد، ئەو سەرکەوتنەی ڕۆژئاوا لەژێر هەڕەشەی جددی دایە، تاوانەکانی تورکیا پێویستی بە شەرمەزارکردنی بەهێزی نێونەتەوەیی هەیە.

میچل لۆیی، نمونەی ڕۆژئاوای کوردستان بە نمونەیەکی دیموکراتی و ئاشتیخواز دەزانێت و دەڵێت: پێچەوانەی هێزە سیاسی-دینییە ستەمکارەکان، ڕۆژئاوا نمونەیەکی تەواوی مرۆڤایەتی و یەکگرتووییە، بە فەرمانی ترامپ و هاوکاری ئەردۆغان، چەتە توندڕەوەکان هەوڵدەدەن ڕۆژئاوا لەناو بەرن، ئەو تاوانە تەنیا دژی کورد نییە، دژی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤیشە، ئێمە ناچارین لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئەمریکای لاتین، ئاسیا، ئەفریقا و هەموو شوێنێک، لەدژی داگیرکاری تورک پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەین، ڕۆژئاوای دیموکراتی سەردەکەوێت.

ک.س