بەهۆی ئەو زریانە بەهێزەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکای گرتەوە، تائێستا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢.٣ ملیۆن کەسیش بێ کارەبا بوون.
بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، تا ئێوارەی ئەمڕۆ ١٤ کەس بەهۆی زریانی ئییان گیانیان لەدەستداوە، کە حەوت کەسیان لە ناوچەی شارلۆت کاونتی بووە، هەزاران کەسیش لەناو ماڵەکانیاندا گیریان خوارووە.
بەپێی ماڵپەڕی PowerOutage.us، تا پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە زیاتر لە ٢.٣ ملیۆن هاوڵاتیی لە فلۆریدا بێ کارەبا بوون.
زریانەکە بە یەکێک لە زریانە بەهێزەکان دادەنرێت، کە تائێستا ئەمریکای گرتبێتەوە، بەشێوەیەک خێرایی زریانەکە لە دەوروبەری ١٨٥ میل لە کاتژمێرێکدا بووە.
کیڤن ئەندەرسۆن، سەرۆکی شارەوانی فۆرت مایرێس-ی ویلایەتی فلۆریدا بە کەناڵی NBCی ئەمریکیی ڕاگەیاندووە، “ئییان یەکێکە لە دڕندترین زریانەکان کە تائێستا ڕوویدابێت، بینینی ئاوی دەریاکان لە ناوەندی شار و سەیرکردنی بەرزبوونەوەی ئەو ئاوە و هاتنی لافاو، دیمەنی زۆر دڵتەزێن بوون”.
کۆمپانیای فیچ ڕیتینگز-ی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دارایی ڕایگەیاندووە، لە شیکارە سەرەتاییەکاندا، زیانەکانی زریانی ئییان لە نێوان ٢٥ تا ٤٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن، کە ئەوەش بارگرانییەکی گەورە لەسەر ژێرخانی ئابووریی فلۆریدا دروست دەکات.
ڕۆن دیسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا زریانی ئییان-ی بە یەکێک لەو پێنج زریانە سەرەکییانە پۆلێن کرد، کە تائێستا دوورگەی فلۆریدای گرتووەتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش زریانەکەی بە “کارەساتێکی گەورە” لەقەڵەم دا. نزیکەی چوار هەزار کارمەندی فریاگوزارییش لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە ڕاسپێردراون بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی زریانەکە. هۆشدارییش لە ئاوارەبوونی دوو ملیۆن هاوڵاتیی دەدرێت بەهۆی زریانەکەوە.
ب.ل