زۆربەی شارەکانی جیهان بۆ ڕۆژئاوا لەسەرپێبوون

دەیان هەزار کەس لە زۆربەی شارەکانی جیهان، لە ڕۆژی جیهانی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بەشەی کوردستان دووپاتکردەوە و هێرشەکانی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد.


سویسرا

دوێنێ هەزاران کەس لە بازل-ی سویسرا، برۆکسل-ی بەلجیکا و ڕێنەس-ی فەرەنسا لە ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی هێرشەکانی داگیرکەریی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناڕەزاییان پیشاندا.

بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ڕۆژئاوا لە ناوەندی شاری بازل-ی سویسرا ڕێپێوان و گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، هەزاران کوردستانی و دۆستەکانیان لە بازل تەئتر پلاتزێ لە شاری بازل کۆبوونەوە، دروشمەکانی "گەلی جیهان بۆ ڕۆژئاوا هەستنەسەر پێ"، "تیرۆریست ئەردۆغان" و "هەموو شوێنێک ڕۆژئاوا، هەموو شوێنێک بەرخۆدان" بەدەنگی بەرز وترانەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا کە هەموو ڕەنگ و بەشەکانی کۆمەڵگە بەشداربوون، ڕاگەیاندرا کە دەبێت خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکرێت، هەروەها بە درێژایی ڕێپێوانەکە بڵاوکراوە کە باسی هێرشە قڕکەر و داگیرکارییەکانی تورکی بۆ سەر ڕۆژئاوا تێدابوو، بڵاو کرانەوە.

برۆکسل 

هەر دوێنێ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، رێپێوانێک بەڕێوەچوو، بەهەزاران کوردستانی و دۆستەکانیان، لە گۆرەپانی فیکتۆر هۆرتای کۆبوونەوە.

لە چالاکییەکەدا پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵای یەپەگە و یەپەژە و پانکارت بە نووسراوی "داعش و ئاکەپەی هاوبەشی گەلی کورد قڕ دەکەن"، "تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک ڕیسوا دەکەین" بەرز کرانەوە.

هەریەک لە یوکسەل کۆچ، هاوسەرۆکی کەجەدە- ئەوروپا، زیا ڤۆلسۆی بەناوی ئەسەپە و رامان ئەحمەد سەرۆکی فیدراسیۆنی سوریا وتەیان پێشکەش کرد.

فەرەنسا

لە شاری رێنەس-ی فەرەنساش، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە گۆڕەپانی کۆلۆمبیەر هەتا گۆڕەپانی رەپەبلیکوێ رێپێوانیان کرد.

لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی "بکوژ ئەردۆغان"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کرانەوە.

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنساش، وەکو زۆربەی شارەکانی جیهان، بۆ ڕۆژی جیهانیی پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوا، ڕێپێوان بەڕێوەچوو. جەماوەر لە بەردەم گارا ستراسبۆرگ کۆبوونەوە و چالاکییەکە بە وەستانی خولەکێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، لە چالاکییەکەدا سەدان کوردستانی و دۆستەکانیان بەشداریان کرد. هاوکات دروشمەکان "بۆ رۆژئاوا بێدەنگ مەبن"، "بکوژ ئەردۆغان" بە دەنگی بەرز وترانەوە. جگە لەوەش گردوونەوەیەک کرا و تێیدا ئاماژە بەوە کرا کە دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر شۆڕشێکی یەکسان و ئازاد بۆ هەموو گەلان.

هەروەها لە شاری تۆولۆسەی فەرەنساش، بە هەمان شێوەی شارەکانی دیکەی فەڕەنسا و ئەوروپا، کوردستانیان و دۆستەکانیان ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و تێیدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزار کران و بانگەوازی بۆ پشتوانی ڕۆژئاوا کرا.

فینلەندا

لە شاری هێلسنکی پایتەختی فینلەنداش، لە ڕۆژی جیهانی پشتیوانی ڕۆژئاوادا، کوردستانیان و دۆستەکانیان، ڕێپێوانێکیان بەڕێوەبرد و لە ڕێپێوانەکەدا هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کران و خاوەنداری لە ڕۆژئاوا کرا. 

چالاکییەکە دوێنێ کاتژمێر ١٥:٠٠ دەستیپێکرد و لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بکوژ ئەردۆغان" بەدەنگی بەرز وترایەوە.

نەرویج

لە شاری ئۆسلۆ-ی پایتەختی نەرویج، سەدان کوردستانی چوارپارچەی کوردستان و دۆستەکانیان، بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان، جەماوەری بەشداربوو لە ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ و بە بەرزکردنەوەی پانکارت کە لەسەری نووسرابوو "ڕۆژئاوا بپارێزە" و "کۆمەڵکوژی بوەستێنە" داگیرکەریی و دڕندەیی دەوڵەتی تورک لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرا.

دوای رێپێوانێکی شکۆمەند گردبوونەوەیەک کرا، لە گردبوونەوەکەدا چەندین وتە پێشکەش کران، لە وتەکاندا سەرنج راکێشرایە سەر هێرشە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تاوانەکانی شەڕ کە سوپای تورک و چەتەکانی ئەنجامیان داوە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

لە میانەی وتەکاندا، بژۆرنار مۆکسنەس سەرۆکی پارتی سوور و پەرلەمانتار لە پەرلەمانی نەرویج لە قسەکانی خۆیدا وتی: "داوا لە حکومەتی نەرویج دەکەین هەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ توکریا کۆتایی پێ بهێنێت".

لە شاری ترۆندهەیم-ی نەرویج-یش هەزاران کەس لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشەکانیان شەرمەزار کرد.

سوید

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدیش، هەزاران کەس لە گۆڕەپانی بەناوبانگی 'سێرگیڵ تۆڕی' کۆبوونەوە، هاوکات ژمارەیەک سیاسەتمەداری سوێدیش لەناویاندا هەبوون، لە گردبوونەوەکەدا چەند کەسێک وتەیان پێشکەش کرد، لە ناو وتاربێژاندا سکرتێری نووسیگەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی سۆسیالدێموکرات و ژمارەیەک کەسایەتیی تری سیاسی و فەرهەنگی بەشدار بوون، هەروەها بەشداریی هاوڵاتیانی سوێدی بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەرمەنییەکان، کەمەنەتەوەی "سامە"ی سوێد بەرچاو بوو.

بێجگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکنی سەرانسەری کوردستان بەشدار بوون و رێپێوانەکە لە گۆرەپانی کۆبوونەوەکە تا گۆڕەپانی 'مێدبۆریارپلاتسێن' رۆیشتن و لەوێش بە بەشداریی ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و بیانی بەرنامەکان بەردەوام بوون.

ک.س