زیاتر لە دوو هەزار چالاکوان داوای لابردنی سزای ڕامین دەکەن

زیاتر لە دوو هەزار چالاکوانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ، بە واژۆکردنی نامەیەک داوایانکرد، کە سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد بوەستێندرێت.


بەگوێرەی هەاڵێکی کەمپەینی پاراستنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، ژمارەی واژۆکەرانی نامەی بەتاڵکردنەوەی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی دوو هەزار کەسی تێپەڕکردووە.

لە نامەکەدا دەڵێن: ئێمە وەک واژۆکەرانی ئەو نامەیە داواکاریی بەتاڵکردنەوەی بەخێرایی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهین، لە م دواییانەدا دیوانی باڵای وڵات لە ئێران داواکاریی پێداچوونەوەی بەسەر سزاکەدا ڕەتکردووەتەوە و مەترسیی لەسێدارەدانی ناوبراو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتردەکات.

لەو نامەیەدا ئەوەش هاتووە: مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە، چاوترسێنکردنی خەڵکە، بۆیە داواکارین کە دادپەروەری لە کەیسی ڕامین حسێن پەناهیدا بەڕێوەبچێت و سزای سێدارەکەی بە خێراترین کات بەتاڵ بێتەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە پێش دوو رۆژ حسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ڕامین ڕایگەیاند، کە داوکاری بۆ پێداچوونەوە بەسەر سزاکەدا لەلایەن دیوانی باڵاو وڵاتەوە ڕەتکرایەوە، ئەمجەد حسێن پەناهی، برای ڕامینیش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

هەروەها سەرەتای مانگی ئایار، بەڕێوبەرانی زیندانی سنە بە خانەوادەی ڕامین حسێن پەناهییان ڕاگەیاندووە، کە بە زوویی کوڕەکەیان لە سێدارەدەدرێت.

جێگای ئاماژەیە، واژۆکەرانی ئەم نامەیە، لە ئێران و تەواویی وڵاتاندان و بڕیارە نامەکەش ئاراستەی ڕێکخراوە جیهانییەکان بکرێت.

ناو و پاشناوی واژۆکەرانی کەمپەینەکە لەم لینکەدا ببینە.

س.ح