زیاتر لە هەزار خۆپێشاندەر لە ڕوسیا دەستگیرکران

دوای ئەوەی پۆلیسی ڕوسیا چەندین کەسایەتی دژبەری ڤلادمیر پوتین-ی دەستگیرکرد، هەزاران کەس دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، کە زیاتر لە هەزار کەسیان دەستگیر کران.


دوێنێ بە هەزاران کەس لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا دژی سیاسەتەکانی پوتین و دەستگیرکردنی دژبەرانی سەرۆک کۆماری ڕوسیا خۆپێشاندانێکیان ئەنجامدا، پۆلیسیش بە پاساوی نایاسایی بوونی خۆپێشاندانەکە زیاتر لە هەزار کەسی دەستگیر کرد.

کاربەدەستانی ڕوسیا ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ کەس لەو خۆپێشاندانە ئامادە بوون، بەڵام سەرچاوەکانی دژبەرانی پوتین ژمارەی خۆپێشاندەرانیان زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ڕاگەیاندووە.

خۆپێشاندانەکەش دوای ئەوە هات، کە چەندین کەس لە کەسایەتییە سیاسییەکانی دژبەری پوتین و حکومەتەکەی کە لە ڕوسیا وەک ئۆپۆزیسیۆن دەناسرێن، شایستەییان بۆ کاندیدبوونیان لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی مۆسکۆ ڕەتکرایەوە و دەستگیرکران.

خواستی ناڕازییان و ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت؛ پێدانی دەرفەتە بە کاندیدە سەربەخۆکان لە هەڵبژارنە خۆجێیەکانی "پەرلەمانی مۆسکۆ" کە بڕیارە ڕۆژی ٨ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

س.ح