زەریف: کێشەمان لەگەڵ ترامپ نییە

وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بەوەداوە، کە کەسە باڵاکان بڕیاری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەدەن، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "حکومەتی ئێران کێشەیەکی لەگەڵ ترامپ نییە".


محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئیران چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنێکی ئێرانی کردووە کە ئەمڕۆ ماڵپەڕی فەرمی دەوڵەتی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لەو چاوپێکەوتنەدا زەریف سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای بە ناڕوون وەسفکردووە و داوایکردووە دەست لە زمانی هەڕەشە ئامێز هەڵگرێت.

لە بەشێکی قسەکانیدا، زەریف ئاماژەی بەوەداوە کە، هەندێک کەس پێیان وایە کە "ئێمە لەگەڵ بەڕێز ترامپ کێشەیەکمان هەیە، بەڵام وا نییە، دەوڵەتی ئێران کێشەیەکی لەگەڵ ترامپ نییە".

زەریف هەروەها لەسەر دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا وتوویەتی: "بڕیاردان لەسەر دانوستان لەلایەن کەسە باڵاکانی وڵاتەوە دەدرێت، کە ئەو دانوستانەش پێویستە واتا و تێگەیشن لەبارەیەوە هەبێت".

ئەم قسانەی زەریف دوای ئەوە دێت، کە ترامپ ڕایگەیاندبوو، "ناهێڵین دەستی ئێران بگاتە چەکی ئەتۆمی"، خامنەییش دواتر وتبووی: "بۆ وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەست بۆ چەکی ئەتۆمی نابەین".

س.ح