شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ بەشدارییکردن لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل-دا، گەیشتە واشنتۆن و سبەینێ واژۆ دەکرێت.
شێخ عەبدوڵا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی فەرمیی بۆ بەشدارییکردن لە مەراسیمی واژۆکردنی “پەیمانی ئاشتی مێژوویی نێوان ئیمارات و دەوڵەتی ئیسرائیل” گەیشتە واشنتۆن، کە بڕیارە سبەینێ هەریەک لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئامادەی ببن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، شاندەکەی ئیمارات بەرپرسانی باڵای لەخۆگرتووە، لەوانەش وەزیرانی ئابووریی و پیشەسازیی و باڵیۆزەکانی ئیمارات لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
چەردەیەک لە ململانێی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی
ئیسرائیل ساڵانێک بوو لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بوو لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییدا، بەڵام سنووردار مایەوە بۆ میسر و ئوردن، پێش ئەوەی لیستی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی لەگەڵ تەلئەبیب تۆمارکراون فراوان بکرێت بۆ ئەوەی ئیمارات و بەحرەینیش لەخۆ بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا هەمیشە گرژیی و ئاڵۆزیی بەخۆوە بینیوە.
چوار شەڕ
پەیوەندیی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی بە گرژییە بەردەوامەکانیان دەزانرا، ئەمەش بووەتە هۆی شەڕی بەردەوام لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٤٨وە تا ئێستا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییدا هەشت شەڕی گەورەی کردووە.
لە ١٤ی ئایاری ١٩٤٨دا پاش سێ ساڵ لە کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، داڤید بن گۆرین دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی بەسەر بەشێک لە فەلەستیندا ڕاگەیاند، ڕۆژی دواتر سوپای عەرەب، میسر، سوریا، ئوردن، لوبنان و عێراق، جەنگیان دژی ئەو دەوڵەتە نوێیە ڕاگەیاند، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٧٦٠ هەزار فەلەستینی ئاوارەبوون.
لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٦دا پاش سێ مانگ لە بەنیشتمانییکردنی میسر لە نۆکەندی سوێس، ئیسرائیل هێزەکانی بۆ هێرشکردنە سەر سینا دەستپێکرد و گەیشتە ئەو نۆکەندە، لە ژێر فشاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و پاشان یەکێتی سۆڤیەت، ئیسرائیل پاشەکشەی کرد.
لە ٥ی حوزەیرانی ١٩٦٧ ئیسرائیل جەنگی بە ناو “شەش ڕۆژ” ی لە دژی میسر و سوریا و ئوردن بەرپا کرد و دەستی گرت بەسەر ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە و بەرزاییەکانی جۆلان و سینای میسردا، لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣دا میسر و سوریا لە سینا و بەرزاییەکانی جۆلان هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.
پەیمانی کامپ دەیڤد
لە تشرینی دووەمی ١٩٧٧دا ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر وەک یەکەم سەرۆکی میسر و دەوڵەتی عەرەبی، سەردانی ئیسرائیلی کرد، ئەم گەشتە مێژووییە ڕێی خۆشکرد بۆ ڕێککەوتننامەی کامپ دەیڤد لە ئەیلولی ١٩٧٨دا کە لە ٢٦ی ئازاری ١٩٧٩دا بە سپۆنسەری ئەمریکا، پەیمانی ئاشتی ئیسرائیل و میسر واژۆکرا.
داگیرکردنی لوبنان
لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢دا هێزەکانی ئیسرائیل لوبنانیان داگیرکرد و گەمارۆی بەیروتیان دا و داوایان کرد ڕێکخراوی تەحریری فەلەستینی بە سەرکردایەتی یاسر عەرەفات ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت، هێزەکانی ئیسرائیل تا ساڵی ٢٠٠٠ باشووری لوبنانیان داگیرکرد، دوای ئەوەی حزبوڵا لە ساڵی ٢٠٠٦دا سەربازانی ئیسرائیلی ڕفاند، ئیسرائیل هێرشێکی وێرانکەری کردە سەر لوبنان و لەگەڵ حزبوڵا شەڕی توندی کرد.
ئاشتیی لەگەڵ ئوردن
لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤دا ، ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولسەلام مەجالی سەرۆک وەزیرانی ئوردن پەیماننامەی ئاشتییان واژۆکرد و بەوجۆرەش کۆتایی بە ٤٦ ساڵ جەنگی نێوانیان هێنرا، ئەو پەیماننامەیە کە بە ئامادەبوونی بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا واژۆکرا، ئاسایشی بۆ ئیسرائیل لە درێژتریین سنووری خۆیدا مسۆگەر کرد و بناغەی هاوکاریی ئابووریی دانا.
“شۆڕشی بەرد”
لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٧دا فەلەستینییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزەدا “شۆڕشی بەردین” یان بەرپا کرد، کە یەکەم ڕاپەڕین بوو لە دژی داگیرکاریی ئیسرائیل.
دەسەڵاتی فەلەستینی
لە ١٣ی ئەیلولی ١٩٩٣دا پاش شەش مانگ لە دانوستانی نهێنی لە ئۆسلۆ، ئیسرائیل و ڕێکخراوی تەحریری فەلەستینی ڕێککەوتننامەکانی لەسەر خۆبەڕێوەبردنی فەلەستینییەکان لە واشنتن لە مەراسیمێکدا واژۆکرد، کە شاهیدی تەوقەکردنێکی مێژوویی نێوان یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو، عەرەفات گەڕایەوە ناوچە داگیرکراوەکان و لەوێ دەسەڵاتی فەلەستینی دامەزراند.
دووەم ڕاپەڕین
لە تشرینی دووەمی ١٩٩٥، ئیسحاق ڕابین لەلایەن توندڕەوێکی جولەکەوە دژی پرۆسەی ئاشتی لەباربرا، دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لە کامپ دەیڤد و سەردانێکی مشتومڕی لە ئەیلولی ٢٠٠٠ دا لەلایەن ئاریل شارۆن سەرۆکی ئەو کاتی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەوە بۆ ناو گۆڕەپانی مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم، ڕاپەڕینی دووەمی فەلەستینیەکان دروستبوو.
سوپای ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوادا شاری گەورەی داگیرکرد و لە ئازاری ٢٠٠٢ گەورەترین هێرشی خۆی بۆسەر ناوچەکە لە ساڵی دەستپێکرد، لە ئەیلولی ٢٠٠٥ ئیسرائیل یەکلایەنە لە کەرتی غەزە کشایەوە و ئابڵوقەیەکی سەپاند پاش ئەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧دا کۆنترۆڵی کەرتی غەزەی کرد، لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٤دا ئیسرائیل شەڕێکی لە دژی کەرتی غەزە دەستپێکرد.
“مامەڵەی سەدە”
ڕۆژی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند، ئەو هەنگاوەش فەلەستینیەکانی توڕە کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئیدانەی کرد.
لە ١٤/ئایار/٢٠٢٨ ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی خۆی گواستەوە بۆ قودس پاشان لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی دانپێنانی بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا واژۆ کرد.
لە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا، ترامپ پلانێکی ئاشکرا کرد کە بە “مامەڵەی سەدە” ناسراوە، لەوانەش بەپاشکۆیکردنی ئیسرائیل بۆ بەشێک لە کەرتی خۆرئاوای داگیرکراو، لەکاتێکدا وڵاتانی عەرەبی هۆشدارییانداوە کە زیندوکردنەوەی دەبێتەهۆی “ناکۆکی گەورە”.
ئاساییکردنەوە لەگەڵ بەحرەین و ئیمارات
ڕۆژی ١٣ی ئاب، ترامپ واژۆکردنی “ڕێککەوتنی ئاشتی مێژوویی”لەنێوان ئیسرائیل و ئیماراتی ڕاگەیاند، ڕۆژی ١١ی ئەیلولیش ترامپ ڕایگەیاند، بەمزووانە بەحرەینیش پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
ی. ک