ستۆکهۆڵم، دژی حکومەتی ئێران هەڵوێست نیشان درا

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید خۆپیشاندانێک لەدژی فشارەکان و زۆردارییەکانی حکومەتی ئێران بۆسەر چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا.


ئێوارەی دوێنێ بە بەشداربوونی نوێنەرانی ژمارەیەک لە حزبە سیاسیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی لە مەیدانی سەرگەلی ستۆکهۆڵم خۆپیشاندانێک لەدژی حکومەتی ئێران بەڕێوەچوو.

چالاکییەکە لەلایەن کۆنسەی پاراستنی تێکۆشانی گەلانی ئێرانەوە بەڕێوەبرا، کە لە پێنج ڕێکخراوی ئێرانی پێکهاتووە.

لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکەدا پشتگیریی مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و زۆردارییەکانی حکومەتی ئێران بۆسەر ئەو شۆفێرانە بە توندی شەرمەزار کرا.

هەروەها بانگەوازیی چینی کرێکاری ئێران کرا، کە پشتگیریی ئەو مانگرتنە بکەن و بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ شەرمەزارکردنی فشارەکانی سەر شۆفێری بارهەڵگرەکان.

جێگای ئاماژەیە، مانگرتن لە کارکردنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە ئێران ئەمڕۆ لە ١٩ یەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، شۆفێرەکان بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مافی بیمە و هەروەها زایدبوونی کرێی بار و کەموونەوەی بەهای کەلوپەلی بارهەڵگر دەستیان داوەتە مانگرتن، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا سەرەڕای ئەوەی سەدان شۆفێری بارهەڵگر لە ئێران دەستگیرکراون، چەند داواکارێکی گشتیش هەڕەشەی لەسێدارەدانی ژمارەیەک لەو شۆفێرانەیان کردووە.

ش.ف