سریلانکا: گروپێکی ئیسلامی تەقینەوەکانی ئەنجامداوە

حکومەتی سریلانکا ڕایدەگەنێت، کە گروپێکی ئیسلامی توندڕەو بە هاوکاریی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی و دەرەکیی بەرپرسیاری هەشت تەقینەوەکەی دوێنێ ئەو وڵاتەن، کە بووە هۆی کوژرانی ٢٩٠ کەس و بریندار بوونی ٥٠٠ کەس.


ئەمڕۆ راجیتا سناراتنه، وتەبێژی حکومەتی سریلانکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاربەدەستانی ئەمنیی وڵاتەکەی دڵنیان لەوەی کە گروپی "کۆمەڵی نەتەوەیی تەوحید" بە هاوکاریی تۆڕێکی نێودەوڵەتی و دەرەکیی تەقینەوەکانی دوێنێ سریلانکایان ئەنجامداوە.

وتەبێژی حکومەتی سریلانکا هەروەها ئەوەشی وتووە، دوو لە تەقینەوەکانی دوێنێ لە ڕێگەی کەسانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون، کە ئەندامی ڕێکخراوێکی توندڕەوی ئیسلامیین بەناوی "کۆمەڵی نەتەوەیی تەوحید"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەم گروپە بێ هاوکاریی ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییە توانای ئەنجامی ئەم کردەوە تیرۆریستیانەی نەبووە.

لە هەشت تەقینەوەی یەک لەداوی یەکی دوێنێ لە سریلانکا کە لە چەند هۆتیل و کەنیسە لە ڕۆژی جەژنی پاک کە جەژنێکی مەسیحییەکانە، لانیکەم ٢٩٠ کەس کوژراون و ٥٠٠ی دیکەش بریندار بوون و هاوڵاتیی بیانیشیان تێدایە.

ش.ف