سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە

کاتژمێر ٨:٠٠ى بەیانى ئەمڕۆ، خولى دووەمى گەمارۆکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.


بەپێى لێدوانێکى مایک پەمیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و ستیڤن مەنوچین، وەزیرى خەزێنەکانى ئەمریکا، کاتژمێر ٨:٠٠ى بەیانى ئەمڕۆ، خولى دووەمى گەمارۆکانى ئەمریکا لەسەر ئێران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەپێى بڕیارەکە، هەموو ئەو گەمارۆیانەى سەر ئێران، کە بەپـێی ڕێککەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ تاران کە بە "بەرجام" ناسراوە هەڵگیرابوون دەگەڕێنەوە و لەسەر ئێران جێبەجێ دەکرێن.

پێشتر کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردبووەوە، سەبارەت بە سەپاندنەوەی تەواوی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران، ئەوانەی بەپـێی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ تاران لابرابوون.

بەپێی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، سزاکان کەرتە هەستیارەکانی ئابوری ئێران دەکەنە ئامانج، وەکو وزە و هەناردەکردنی دەریایی و کەشتیسازی و کەرتەکانی دارایی، بەڵام بوارەکانی خۆراک، دەرمان و پێداویستی پزیشکی ناگرێتەوە.

زیاتر لە ٧٠٠ کەسایەتی و دەزگا و کەشتی و فڕۆکە دەخرێنەوە نێو لیستی سزاکان، لەوانە بانکە گەورەکانی ئێران، کەرتەکانی هەناردەکردنی نەوت و کۆمپانیاکانی هەناردەکردن، هەروەها سزاکان مامەڵە دارایـیەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران و دەزگا دارایـیەکانی ئێران دەکەنە ئامانج.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئیدارەکەی ترەمپ بە نیازە هەموو سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بە تەواوی جێبەجێبکات، وە ئەوانەی هەوڵبدەن سزاکان پـێشێلبکەن یان فرتوفێڵی بەسەردابکەن، ئەوا دەکرێنە ئامانج لە لایەن کۆشکى سپییەوە، دووچاری ئاکامی تونددەبنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، هەناردەکانی نەوتی ئێران بە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، زیاتر لە ٢٠ وڵات هاوردەکانیان لە نەوتی ئێران کردووە بە سفر.

ئەگەرچی سزا سەپێندراوەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە زۆرێک لە کۆمپانیا و وەبەرھێنەرە بیانییەکان ناچاردەکات مامەڵە و کارەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕابگرن، بەڵام ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، کە نایەوێت سزاکان زیان بە ھاوپەیمانەکانی و هاوڵاتییانى ئێران بگەیەنێت.

د.ع