دۆسیەی خەرجکردنی پارەی نایاسایی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لە ملی سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا نیکۆلا سارکۆزی نابێتەوە، بۆ دووەمجار ئەمڕۆ دەچێتەوە بەردەم دادوەرو ڕووبەڕووی چەندین تۆمەت دەبێتەوە کە پێدەچێت سزای هەر یەکێکیان ١٠ ساڵ زیندانیکردن بێت.
لەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕووی سارکۆزی کراونەتەوە، هەوڵدانە بۆ بەرتیلدان بە دادوەر و بەدەستهێنانی پارەی نایاسایی لە ڕژێمەکەی لیبیا و لە ژنێکی دەوڵەمەندی فەرەنسی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٧.
ئەندامانی داواکاری گشتی باس لەوە دەکەن، سارکۆزی هەوڵیداوە بەرتیل بە یەکێک لە دادوەرەکان بدات لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ ئەوەی گوێ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە بگرێتەوە کە ناوبراو تاوانبار دەکەن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارەی نایاسایی لە ژنە دەوڵەمەندی فەرەنسی لۆریاڵ لیلیان بیتنکۆرت لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ٢٠٠٧دا لە مۆناکۆ.
هەروەها یەکێکیتر لە دۆسیەکانی سارکۆزی ئەوەیە کە لەگەڵ پارێزەرەکەی هەوڵیانداوە پارەی نایاسایی لە لیبیا وەربگرن بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن لە ٢٠٠٧دا.
سارکۆزی ٦٥ ساڵ کە لە نێوان ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢ سەرۆکی فەرەنسا بووە، پێدەچێت ئەمڕۆ سزایەکی بەسەردا بسەپێنرێت کە یەکێکیان زیندانیکردنە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ یان غەرامەکردنی بە بەهای یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار، لەم دۆسیەیەدا سارکۆزی و پارێزەرەکەی تێوەگلاون.
ساڵی ٢٠١٤ هەردووکیان هەوڵیانداوە لە دادگا دۆسیەکە بە پارە پەردەپۆش بکەن و پەیوەدنییە تەلەفۆنییەکانی ئەوکاتە بسڕنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێسوود بووە.
ساڵی ٢٠١٨ش بە هەمانشێوە پۆلیس بۆ ماوەیەک سارکۆزی دەستبەسەر کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی پەیوەست بەو ڕاپـۆرتانەی دەڵێن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٧ لە موعەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا پارەی وەرگرتووە.
سەیفولئیسلام کوڕی قەزافی کە لە ئێستادا لە لیبیا دەستگیر کراوە، پاش لادانی باوکی لە دەسەڵات ڕایگەیاند، “دەبێت سارکۆزی ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە کە لە لیبیای وەرگرتبوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی کە برەکەی ٥٠ ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
ی. ک