سلێمانی، خێزانێکی ڕۆژئاوای کوردستان سێ ڕۆژە لەسەر شەقام دەژین

خێزانێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن خاوەن خانووەکەیانەوە دەردەکرێن لە سلێمانی و سێ شەوە لەسەر شەقام ڕۆژ دەکەنەوە، بۆ وەرگرتنی شوێنیش ڕوو دەکەنە کامپی ئاوارەکانی عەربەت، بەڵام شوێنیان بۆ دابین ناکرێت.


چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، خێزانێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە ماوەی حەوت مانگە ڕوویان لە سلێمانی کردووە، لەلایەن خاوەن خانووەکەیانەوە لەکۆمەڵگەی تاسڵوجە دەردەکرێن و دەکەونە سەر شەقامەکان.

خێزانەکە لە ١١ کەس پێکهاتوون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و سێ ڕۆژە بەبێ بوونی هیچ پێداویستییەکی ژیانی ڕۆژانە ژیان لەسەر شەقام دەگوزەرێنن.

ئەو خانەوادەیە بەئومێدی وەرگرتنی خانوویەک لە کامپی ئاوارەکانی عەربەت، کە تایبەتە بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو لە کامپەکەدەکەن، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، ئیدارەی کامپەکە ڕەتیانکردووەتەوە شوێنیان پێ بدەن.

ئەوانیش دوو ڕۆژ لەبەردەم دەرگای کامپەکەدا دەمێننەوە و دوای بێ ئومێدبوونیان لە دابیننەکردنی شوێن بۆیان، دەگەڕێنەوە تاسڵوجە و لەباخچەیەکی کۆمەڵگەکەدا نیشتەجێ دەبن.

حەسەن، ئەندامێکی خێزانەکەیە و باس لەوە دەکات کە لەلایەن ئاسایشی کامپەکە و ئاسایشی شارەدێی عەربەتەوە ئەشکەنجە دراون و دەڵێت: ئێمە کە چووینە کامپەکە بەڕێوبەری کامپەکە هات بۆلامان و لێی پرسین چیتان دەوێت، ئێمەش وتمان شوێنمان نییە و دەمانەوێت لێرە جێگەیەکمان پێ بدرێت، بەڕێوەبەری کامپەکەش پێی وتین شوێنیان نییە و ئەگەر نەڕۆن ئەوا ئاسایشتان بۆ دەهێنین.

وەک حەسەن دەڵێت: دواتر ئاسایشی کامپەکە هاتن و پێمان وتن کە بارودۆخمان وەهایە، بەڵام ئەشکەنجەیان داین و پێیان وتین کە دەبێت لێرە بڕۆن، دواتر ئاسایشی عەربەت بانگیان کردین و لەوێش دووبارە ئەشکەنجەیان داین و پێیان وتین ئەگەر لێرە نەڕۆن ئەوا یان دەتان نێرین بۆ هەولێر یان بۆ ڕۆژئاوا.

دواتر ئەو خانەوادەیە بەناچاری ڕوودەکەنەوە تاسڵوجە و سەردانی چەند نووسینگەیەکی خانووبەرە دەکەن بۆ بەکرێ گرتنی خانوو، بەڵام بەهۆی زۆری کرێی خانووەکانەوە ناتوانن خانوو بەکرێ بگرن.

شیرین محەمەد، ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەیە و بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئێمە داوا دەکەین شوێنێکمان بۆ دابین بکرێت، ئەوە سێ ڕۆژە ئەومنداڵانە لە دەرەوەن بەم گەرمایە، تەنها داوا دەکەین هاوکارییەکمان بکرێت و لەم ڕەوشە دەبازببین.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز لە ئێستادا نوێنەرایەتیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان چوون باهانای  ئەو خێزانەوە و بەشێوەیەکی کاتیی شوێنینی شتەجێبوونیان بۆ دابینکردوون و لە هەوڵ ئەوەدان کێشەی ئەو خێزانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا چارەسەر بکەن.

ک.س