سلێمانی، لەپێشانگایەکدا بەڵگەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لەڕۆژئاوا نمایشکرا

بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی، پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی بۆ نمایشکردنی وێنەی بەشێک لە قوربانیانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە، لە پێشەنگاکەدا داواش لە هاوڵاتیان کرا کە لەدژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامبن لە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی بۆ نمایشکردنی وێنەی بەشێک لە قوربانیانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە.

لە پێشەنگاکەدا٤٠ وێنەی جیاجیای قوربانییە مەدەنییەکانی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان نمایشکرابوون، کە بەشێکی زۆریان وێنەی ژن و منداڵ بوون.

چین و توێژە جیاجیاکانی سلێمانی و ئەو هاوڵاتیانەی کە بە شەقامەکەدا گوزەریان دەکرد، تەماشای وێنەکانیان دەکرد و ئاشنادەبوون بە دڕندەیی دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لە خوارەوەی سەرجەم وێنەکان نووسرابوو "ئەم وێنەیە هۆکارێکە تا بایکۆتی کاڵای تورکی بەردەوامبێت".

دڵسۆز زەنگەنە، ئەندامی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لەبارەی پێشانگاکەوە وتی: لێرەوە پەیام بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان دەدەین و دەڵێین، ئەمە ڕاستینەی تورکیایە، دەوڵەتی تورک بەناوی ناوچەی ئارامەوە گەورەترین کارەستای لە ڕۆژئاوای کوردستان خوڵقاندووە، زۆرترین ژن و منداڵی تێدا شەهیدکراوە.

زەنگەنە داواشیکرد، کە بایکۆتی کاڵای تورکی بەردەوامیی زیاتری هەبێت و وتی: هیوادارین بە بینینی ئەم وێنانە، شۆڕشی سپی کە بایکۆتی کاڵای تورکییە بەردەوامیی هەبێت، دەتوانین لەو ڕێگایەوە گەورەترین جەنگ لەگەڵ دەوڵەتی تورک بکەین.

لە چوارچێوەی پێشانگاکەشدا، بروشور و هۆشیاریی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرا، بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانیان بەو کەمپەینەی کە دوێنێ لە مانگی سوری کورد لە گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی ڕاگەیەندرا و بڕیارە هەفتەیەک بەردەوامبێت.

بەوتەی ئەندامانی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستانیش، بەنیازن ئەم پێشانگایە ببەنە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی.

د.ع