سلێمانی، گەنجان بە ڕێپێوانی بە مەشخەڵ پیلانگێڕیی دژی ئۆجالانیان شەرمەزارکرد

لەشاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی هەردوو ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێز، ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵ بۆ شەرمەزارکردنی پلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، ئەنجامدرا.


ئەمشەو لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی بۆ شەقامی سالم خۆپیشاندانێکی بەمەشخەڵ، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات ئەنجامدرا، تێیدا گەنجانی سلێمانی و گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداربوون و دروشمی ' بەڕۆحی گەنجان گۆشەگیریی تێکدەشکێنین' بەرزکرایەوە، هەروەها دروشمەکانی ' بێ سەرۆک ژیان نابێت، بەڕۆح و بەگیان لەگەڵ تۆداین ئەی سەرۆک، بژی سەرۆک ئاپۆ' وترانەوە.

لەکۆتایی ڕێپێوانەکەدا بێریتان زاگرۆس، بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی گەجی تێکۆشەری خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: وەک گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر٢٢مین سڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لەسەر ڕێبەری گەلان، ڕێبەر ئاپۆ بەتوندی شەرمەزار دەکەین، ڕێبەر ئاپۆ لەزیندانی ئیمراڵی بەرخۆدانێکی گەورە دەکات، بۆیە بووەتە سیمبوڵی ئازادیی، یەکێک لە ئامانجەکانی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ئەوەبوو، کە داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکرات نەکرێت، بەڵام گەلی کورد و گەلانی دیکە تێکۆشانی ئیمراڵیان کردە نمونەیەک بۆ خۆیان، کە ئەوەش پیلانی داگیرکەرانی تێکشکاند.

"کوردستان دەکەین بە گۆڕستانی دوژمن"

لەبەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتبوو: وەک گەنجانی باشوری کوردستان، دەڵێین: ئیدی گۆشەگیرکردنی سەرۆکەکەمان قبوڵ ناکەین، بەڕۆحی ڤیان سۆران شەهیدانی قەندیل و عەلی چیچەک، گۆشەگیریی دەشکێنین، فاشیزم دەروخێنین کوردستان دەکەینە گۆڕستان بۆ دوژمن.

ڕێپێوانەکە بە دروشمی ' بێ سەرۆک ژیان نابێت، کەس ناتوانێت ڕۆژەکانمان تاریک بکات، بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی' کۆتاییهات.

د.ع