سوریا داوای لە توركیا کرد خاکەکەی جێبهێڵێت

ئاژانسی سانای سوری بڵاوی کردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوی مۆسکۆ سوریا داوای لە تورکیا کردووە دەستبەجێ خاکی سوریا بەجێبهێڵێت و سوپاکەی بباتە دەرەوە.


ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمی سانا-ی سوری، ڕایگەیاند لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا هەرسێ لایەنی روسی، توركی، سوری كۆبونەوەتەوە و لەو كۆبونەوەیەدا دیمەشق داوایكردوە "بە تەواوی پابەندییەكان بە سەروەری خاكەكەیەوە جێبەجێبكرێت و دەستبەجێ ئەو خاكە لە هێزە چەكدارەكان و سوپای وڵاتانی دیكە چۆڵبكرێت".

لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی سوریا داوایانکردووە تورکیا سوریا جێبهێڵێت، هەروەها وتوویانە: پێویستە لەسەر ئەنقەرە پابەندبێت بە ڕێككەوتنامەی سوچی تایبەت بە پارێزگای ئیدلیب، بەتایبەتی چۆڵكردنی ناوچەكە لە گروپە تێرۆریستییەكان و چەك، دواتریش كردنەوەی ڕێگەی نێوان حەلەب-لازقیە و حەلەب-حەما".

روسیا لە كۆبونەوەكەدا جەختی كردوەتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە سوریا پێداگربێت لەسەر ئازادكردنی تەواوی ناوچەكانی ئیدلیب و ئارامی و ئاسایش بۆ دانیشتوان و هاونیشتیمانیانی وڵاتەكە بگەڕێندرێتەوە كە لە ئێستادا ئەو خاكانە لە لایەن چەكدارانی تێرۆریستەوە بەكاردەهێنرێت و خەڵكەكەش وەك قەڵغانی مرۆیی.

د.ع