سکرتێری کاتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەیشتە تاران

دوای هەنگاوی سێیەمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سکرتێری کاتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێران گەیشتە تاران.


ئەمڕۆ کرونل فروتا سکرتێری کاتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دیدار و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە، بە سەردانێک کە یەک ڕۆژ دەخایەنێت، گەیشتە تاران.

فروتا بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆببێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، ئەم سەردانە پێشتر بەرنامەی بۆدانراوە، کە ئێران داوەتی 'یوکیۆ ئامانۆ' سکرتێری پێشووی کۆچکردووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە، ئێستا فروتا لە جێی ئەو چووەتە تاران.

پێچەوانەی میدیاکانی ئێران، دوێنێ جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە ئەو سەردانە لە ئەنجامی ئەو ڕاپۆرتانەوەیە، کە بەم دواییانە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داویەتە شورای دادوەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر 'چالاکییە شاراوەکانی ئێران' لە زەمینەی وزەی ئەتۆمی.

س.ح