سیناتۆرێکی ئەمریکی داوادەکات هێرش بکرێتە سەر پاڵاوگەکانی ئێران

ئەندامێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا لە کاردانەوەیدا بەرامبەر هێرشی حوسییەکان بۆسەر سعودیە، داوایکردووە لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، پاڵاوگەکانی ئێران بکرێنە ئامانج.


لیندزی گراهام، سیناتۆر و ئەندامی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا دوێنێ لەدژی هێرشی حوسییەکان بۆسەر دوو مەیدانی نەوتی بەقیق و حەقل خەریس لە سعودیە، کاردانەوەی نیشاندا.

گراهام لە تویتێکدا نووسیویەتی: کاتی ئەوە هاتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرش بکاتە سەر پاڵاوگەکانی ئێران، هەروەها نووسیویەتی: "ئەگەر ئێران ئەو کردەوانە یان پیتاندنی یورانیۆم بەردەوامی پێبات، پێویستە ئەمریکا بژاردەی هێرش بۆسەر پاڵاوگەکانی ئێران بێنێتە سەر مێز".

ئەمە لە کاتێکدایە کە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێران بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات و داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کردووە کە ئەو کردەوەیەی ئێران شەرمەزار بکەن.

تا ئێستا کاربەدەستانی ئێران هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان لەسەر ئەو بانگەشە و تۆمەتانە نەبووە، بەڵام هەر ئەمڕۆ، 'عەلی حاجی زادە' فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکای لە کەنداو بەبیرهێناوەتەوە و وتوویەتی: ئەو فڕۆکەیە لەلایەن هێزێکی سەربەخۆی ئێمەوە خراوەتە خوارەوە و دواتر ئاگادار بووینەتەوە، هەروەها وتوویەتی: "ئێران و ئەمریکا نیازی شەڕ لەگەڵ یەکتریان نییە، بەڵام لەوانەیە لە نێوان ئەو هێزانەی لە مەیدان-دان (کەنداو)، پێکدادانێک ڕووبدات کە ببێتە هۆی دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا".

ک.س