کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی)، ڕایگەیاند، ئاستەنگییەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی قبووڵناکرێن.
بەپێی هەواڵیکی ئاژانسی فرانس پرێس، سی پی تی لە ڕاپۆرتەکەیدا لەسەر سەردانەکەی بۆ زیندانی ئیمرالی لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، ڕایگەیاندووە؛ لەگەڵ هەموو گیراوانی زیندانی دوورگەی ئیمرالی کۆبووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هیچ باشبوونێک لە دۆخی زیندانی ئێمرالیدا لەچاو سەردانەکەی ساڵی ٢٠١٦ـدا نابینرێت.
سی پی تی ڕایگەیاند: ئۆجالان و سێ گیراوی دیکەی ئیمرالی هێشتاش لە هەفتەیەک شەش کاتژمێر دەتوانن یەکتر ببینن، جگە لەمەش کۆبوونەوە دوو کەسییەکانیش تەنها لە هەفتەیەک سێ کاتژمێرە، ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە لێیان قەدەغە کراوە کە لە حەوشەی زیندانەکە پێکەوە بن.
سی پی تی جەختی لەوە کردووەتەوە؛ گیراوانی ئیمرالی هەموویان گۆشەگیر کراون و ئەو گۆشەگیریە لە ١٦٨ کاتژمێری هەفتەدا، ١٥٩ کاتژمێر بەردەوامە.
لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لەم ساڵانەی دواییدا دەتوانین بڵێین، سەردانەکانی خانەوادەی ئۆجالان بۆ لای ڕێبەری گەلی کورد ڕێگەی پێنادرێت و داواکارییەکانی چاوپێکەوتنی پارێزەرانیش لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە ڕەتکراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەدا سی پی تی، ئاماژەی بەوەداوە، لە نێوان زیندانییەکاندا پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوان مەرجە ئاسایشییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ ڕەچاو بکرێت، و داوایکرد؛ “سیستمێکی هەمیشەیی دابمەزرێت کە تێدا سەردانی خانەوادە و پارێزەران هەبێت”، دەستنیشانیشی کردووە، “ئەو سیستمەی بەسەر زیندانیان لە ئیمرالی دەسەپێندرێت، پێویستە بە تەواوەتی بگۆڕدرێت”.
س.ح