سی پی جەی: تا ئێستا کەس نەیتوانیوە سەردانی پەیامنێرەکەی ڕۆژنیوز بکات

ڕێکخراوی سی پی جەی نێودەوڵەتی، لە هەواڵێکدا زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد پەیامنێری ئاژانسەکەمان کۆکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستاش کەس نەیتوانییەوە بڕیار لە زینداندا ببینێت.


بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسەکەمان "ڕۆژنیوز"، لە ٢١ی مانگی ڕابردووەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە هەولێر دەستگیرکراوە و تا ئێستا لە زیندانەکاندایە.

لە بابەتەکەی سی پی جەی-دا هاتووە: بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە وەرمانگرتووە لە سۆران حسێن ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنیوز، بڕیار محەمەد لەسەر ڕاپۆرتەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.

ڕێکخراوە دەڵێت: ئاسایش بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بڕیار بە شێوەیەکی نایاسایی کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ئەمەشیان بە فەرمی ڕانەگەیاندووە و هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لە سەر نەبووە، هەروەها ڕۆژنیوز ڕایگەیاندووە، کە بڕیار نزیکی دوو ساڵە کار بۆئەوان دەکات و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانشیە، کە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی سەندیکاکە دەکرێت.

سی پی جەی باس لەوەش دەکات: تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بڕیار ئەندامێکی پێشمەرگەبووە، بەڵام بەپێی لێدوانەکانی ڕۆژنیوز، بڕیار لە ساڵی ٢٠١٦ وە لە پێشمەرگایەتی دوورخراوەتەوە.

سۆران حسێن لە ڕۆژنیوز بە سی پی جەی وتووە: ئەوان نازانن ئاخۆ بە چی چیرۆکێک بڕیار دەستگیرکراوە، بەڵام کاری لەسەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک کردووە کە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بۆردوومان دەکات.

هەروەها سی پی جەی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەوان وەریان گرتووە، تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە سەردانی بڕیار بکات لە زینداندا.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ٢١ی مانگی حەوتەوە، زوبێر برادۆستی پەیامنێرمان لە دەڤەری برادۆستی سەربە پارێزگای هەولێر، لەلایەن هێزێکی چەکەداری سەربە پارتییەوە دەستگیرکراوەو تا ئێستا لە زیندانەکاندایە.

س.ح