سەبارەت بە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان نامەیەک ئاڕاستەی مێرکڵ دەکرێت

٢١کەسایەتی ئاکادیمی وهونەرمەند لەنامەیەکدا داوایان لە ئانگێلا مێرکڵ-ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کرد، کە بۆکۆتاییهێنان بەگۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان فشاربخەنە سەر تورکیا.


٢١ی کەسایەتی ئاکادیمیی و هونەرمەندی وڵاتی ئەڵمانیا، دەربارەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان نامەیەکیان ئاڕاستەی ئانگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری حکومەتی ئەڵمانیا کرد.

لەنامەکەدا دوا لە مێرکڵ کراوە کە فشاربخاتە سەر دەوڵەتی تورک بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان.

هەروەها، تیشک خراوەتەسەر دۆخی تەندروستیی چالاکانی مانگرتوو، کە ڕۆژبەڕۆژ دژوارتردەبێت و لەمەترسیدان.

ئەوەش هاتوە:"دەبێت تورکیا بەپێی پەیمانەکانی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە پێشتر واژۆی کردووە مامەڵەبکات و گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان لاببات. بۆ چارەسەری پرسی کورد دەست بە پرۆسەی ئاشتیانەی دیالۆگ بکات، هەروەها دەبێت پارلەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و گیراوانی سیاسی لەبەندیخانەکاندا ئازادبکرێن".

هەر لە نامەکەدا هاتووە:"داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا دەکەین کە وەک هاوپەیمانی تورکیا، بۆ پێکهێنانی ئەو داواکارییانە فشاری سیاسیی بخاتە سەر حکومەتی تورکیا، هەروەها دەبێت کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەرووپا فشاربخەنە سەر حکومەتی تورکیا".

ئەوەش وتراوە:"هەتاکو ئۆجالان نەبێتە بەردەنگی گەل لە تورکیا، کێشەی کورد بەڕێگەی ئاشتیانە چارەسەرناکرێت، ئەگەر ئەو کێشەیەش چارەسەر نەبێت، ئەوا ڕێگە بۆ کۆچبەربوونی هەزاران کەسی تر بۆ ئەرووپا خۆش دەبێت".

ش.ف