ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابێت بە رێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ، “ئەگەر ڕێگە بدرێت بە مانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین”، دەشڵێت: سوپای وڵاتەکەمان توانای کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی هەیە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە: سوپای وڵاتەکەمان لە قۆناغی یەکەمدا توانی ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا بکات، لە قۆناغی دووەمیشدا هێزەکانی ڕووسیا لەناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین دەردەکرێن و قۆناغی سێیەمیش بریتی دەبێت لە بەدەستهێنانەوەی تەواوی خاکی وڵاتەکەمان.
سەرۆکى ئۆکراین ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێمە ڕازی نین بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا، کە ڕێگە بەمانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بدات لەناو خاکی ئۆکراین.
پێشتریش ڤۆڵۆدیمێر زیلینیسكی ڕایگەیاندبوو، کە داواکارییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنان بەجەنگ لەگەڵ ڕووسیا بریتین لە؛ پاراستنی سەروەریی ئۆکراین و گەرەنتی ئەمنیی بەئامانجی گەڕانەوەی ژیان بۆ هاوڵاتیان لە کەمترین ماوەدا.
ئ.م