سەرۆکی ئینتەرپۆل لە چین دەستگیرا

مەنگ هۆنگۆی، سەرۆکی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) لە کاتی چوونی بۆ وڵاتەکەی واتە چین، دەستگیرکراوە.


دوێنێ پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاند، کە سەرۆکی ئینتەرپۆل بێسەروشوێن بووە و دۆسییەیەکیان بۆ ونبوونەکەی کردووەتەوە.

لەو کاتەوە کە مەنگ هۆنگۆی لە فەرەنساوە کە بارەگای ناوەندیی ئینتەرپۆل لەوێیە چووەتە دەرەوە نەبیندراوە.

وابڕیاربوو مەنگ هۆنگۆی شەوی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی شاری لیۆنی فەرەنساوە بچێتە چین، خانەوادەکەی بۆ دوایین جار لە فڕۆکەخانەکە بینیویانە.

هەندێک لە سەرچاوە چینییەکان باس لەوە دەکەن، کە مەنگ هۆنگۆی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حزبی کۆمۆنیستی چینەوە دەستیگرکراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئینتەرپۆل لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، کە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە ئەستۆی بەرپرسانی سیاسیی دوو وڵاتی چین و فەرەنسایە.

جێگای ئاماژەیە، کە مەنگ هۆنگۆی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئینتەرپۆل، جێگری وەزیری ئاسایشی گشتیی چین بوو.

ب.ل