دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری قەدەغەکردنی هەردوو پرۆگرامی “تیک تۆک و وی چاتی” چینی لە وڵاتەکەی دەرکرد و دەبێت لە ماوەی ٤٥ ڕۆژیشدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترامپ لەو فەرمانەیدا بڕیاریداوە هەر مامەڵەیەکی ئەمەریکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بایت دانسی خاوەنی تیک تۆک و تێنسێنتی خاوەنی ویچات قەدەغە بکات.
هەروەها لەو بڕیارەدا ئاماژەی بەوەشداوە کە دەکرێت تیک تۆک لەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەدا بەکاربهێنرێت کە سوود بە حزبی شیوعی چین دەگەیەنێت و دەبێت ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی، ڕێوشوێنی توند دژی خاوەنی تیک تۆک بگرێتەبەر.
پێشتر ئیدارەی ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ سڕینەوەی ئەو بەرنامە چینیانەی کە لە وڵاتدا “متمانەپێکراو” نین و تیک تۆک و ویچاتی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا وەسف کردبوو.
ترامپ سەبارەت بە قەدەغەکردنی بەرنامەی ویچیاتیش کە تایبەتە بە نامە ناردن وتی، زانیارییەکی زۆری بەکارهێنەرەکانی کۆدەکاتەوە، ئەمەش وادەکات حزبی شیوعی چین دەستی بگات بە زانیارییە تایبەتییەکانی ئەمەریکییەکان.
ک.س