سەرۆکی تاڵیبان بۆ ئەمریکا: ڕێگە مەدەن ڕێککەوتنەکەمان دواکەوێت

سەرۆکی بزوتنەوەی تاڵیبان لە پەیامێکدا داوای لەئەمریکا کرد؛ ڕێگە نەدات کەس بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان ئاستەنگ دروست بکات و دوای بخات و ڕووبەڕووی بێ ئاکامی بکاتەوە.


ئەمڕۆ، مەلا هبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی تاڵیبان، کە بە دەگمەن لە میدیاکان دەردەکەوێت، پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بڵاوکردەوە.

سەرۆکی تاڵیبان لە پەیامەکەیدا نیگەرانیی خۆی لە قوربانیی بوونی خەڵکی مەدەنی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، کۆمیسیۆنێکیان داناوە تا لە شەڕەکان لەلایەن چەکدارەکانیەوە زیان بە هاوڵاتیان نەگات، ئەگەریش شتێکی وەها ڕووبدات، بابەتەکە تاوتوێ بکرێت و تاوانبارەکان سزابدرێن.

سەرۆکەکەی تاڵیبان هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە سەرپێچی خەڵک لە فەرمانەکانی خودا گەیشتووەتە لوتکە و ڕایگەیاندووە: بۆ ڕزگاربوون لە کۆرۆنا پێویستە لە خودا داوای لێبوردن بکرێت و مرۆڤەکان ژیانیان بەپێی پێوەرەکانی ئیسلام بەرەوپێش بەرن.

مەلا هبەتوڵا ڕاشیگەیاندووە، کە سیستمی داهاتووی تاڵیبان، دوای قۆناغی ئاشتی، لەسەر شەریعەتی ئیسلام دەبێت و بە دژبەرەکانیشی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر دەست لە دووژمنانیەتی ئەو هەڵگرن بۆ هەموویان لێبوردنی گشتیی ڕادەگەیەنێت.

لە پەیامەکەیدا سەرۆکی تاڵیبان ئاماژەی بەوەداوە کە ڕێککەوتنی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ گروپەکەی و ڕایگەیاند: ئەم بەڵگەیە لە ئاستی جیهان قبوڵکراوە و لە چوارچێوەیەکی ڕوون و لە قازانجی هەردوو لایە، کە دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و دروستبوونی ئاشتیی لە ئەفغانستان.

مەلا هبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی تاڵیبان، لە پەیامەکەیدا و بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، ڕوو لە ئەمریکا وتوویەتی: ڕێگە مەدەن کەس بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوانمان ئاستەنگ دروست بکات و دوای بخات و ڕووبەڕووی بێ ئاکامیی بکاتەوە.

ک.س