ئورسۆلا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئەنقەرەی لە دژی هەر هەوڵێک ئاگادار کردەوە بۆ “ترساندنی دراوسێکانی” و ئاماژەی بە ناکۆکی نێوان تورکیا و یۆنان کرد لەسەر سەرچاوەکانی غاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڤۆن دێرلاین لە ناوەڕۆکی وتارە ساڵانەکەیدا، کە لە یەکێتی ئەوروپا پێشکەشی کرد، وتی، بەڵێ تورکیا کەوتووەتە ناوچەیەکی پڕ کێشەوە، بەڵێ پێشوازیی لە ملیۆنان پەنابەر دەکات، کە ئێمە پارەیان بۆ دابین دەکەین، بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانەی ئێستای بۆ ترساندنی دراوسێکانی، ڕەوا نییە”.
هەروەها داوای لە هەموو دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کرد کە هەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە لەسەر پرسی کۆچ، هەروەها جەختشی لەوە کردەوە کە تەواوی ئەوروپا دەبێت بەشی خۆی لە کاروباری پەنابەران بگرێتە ئەستۆ و بە یەکگرتوویی بجوڵێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران، لە کەمپەکەی یۆنان کە ئاگر وێرانی کردووە.
ڤۆن دێر لاین وتیشی، وێنەکانی کامپی مۆریا وەبیرهێنانەوەیەکی بەئازارە کە دەبێت ئەوروپا بە یەکگرتوویی بجوڵێتەوە، “ئەگەر ئێمە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە، پێشبینی دەکەین هەموو دەوڵەتانی ئەندام هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەن”.
ش.ف