سەرۆک وەزیرانی یۆنان ڕایدەگەیەنێت، سەرکردەکانى تورکیا هۆکارى تێکدانى ئارامیی و سەقامگیریى ئاسایشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستن، چونکە زمانى هەڕەشە بۆسەر ئەو وڵاتە بەکاردێنن و “ئەوەش خولیایەکى سەیر و سەمەرەی ستەمکارەکانە”.
کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان لەکاتى پێشکەشکردنى وتارێک لەمیانەى بەڕێوەچوونى کۆبونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “سەرکردەکانى تورکیا هۆکارى تێکدانى ئارامیى و سەقامگیریى ئاسایشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستن”.
سەرۆک وەزیرانی یۆنان وتیشى:”سەرکردەکانى تورکیا زمانى هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەمان بەکاردێنن، کە ئەوەش خولیایەکى سەیر و سەمەرەیى ستەمکارەکانە”.
تورکیا و یۆنان هەردووکیان ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی-ناتۆن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەردۆغان چەند جارێک هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەسینای کرد، چونکە تورکیا دەڵێت: یۆنان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئاسمانی دەریای ئیجە هەراسان دەکات، ئەوەش لەڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٣٠٠ی ڕووسییەوە.
تورکیا پێشتر نامەیەکی ئاراستەی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو تێیدا باسی لە ئامانجەکانی لە دوورگەکانی یۆنان کردبوو، لەوبارەوە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی یۆنان ڕایانگەیاندووە: نامەکەی تورکیا واقیعی شێواندووە و ئارگیومێنتەکانی بێ بنەمان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
ڕۆژى ٧ ى ئەم مانگە یۆنان نامەیەکی بۆ ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و تێیدا گلەیی لە لێدوانەکانی ئەردۆغان کرد، کە هەڕەشەی هێرشکردن بۆسەر خاکی ئەو وڵاتە دەکات و ئەسینا داوای کرد، ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەفتارەکانی ئەنقەرە شەرمەزار بکەن.
ئ.م