سەرۆک کۆماری چیللی حکومەتی هەڵوەشاندەوە

دوای خۆپێشاندانە ملیۆنییەکەی چیللی کە لەسەر بانگەوازی کرێکاران بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆماری چیللی حکومەتی هەڵوەشاندەوە و بەڵێنیداوە کە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت و چاکسازی کۆمەڵایەتی بکات و داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات.


ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەسەر بانگەوازی یەکێتی کرێکارییەکانی وڵاتی چیللی گەورەترین خۆپیشاندانی مێژووی ئەو وڵاتە لە شاری سانتیاگۆی پایتەخت بەڕێوەچوو، یەک ملیۆن کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی پایتەخت و داوای دەست لەکار کێشانەوەی حکومەتیان کرد.

دوای ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییەکە، سباستیان پینرا، سەرۆک کۆماری چیللی هەموو وەزیرەکانی لەکار دوور خستەوە و بەڵێنیدا کە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت و چاکسازی لە سیاسەتەکانی بکات و داخوازییەکانی خۆپیشاندەران لەسەر چاکسازی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات.

پینرا ڕایگەیاند: "گوێم لە دەنگتان بوو، ئێمە لە واقعێکی تازەداین، چیللی چیتر ئەو وڵاتەی هەفتەیەک لەمەوبەر نییە".

بە گوێرەی زانیاریی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە چیللی، لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردوو تا ئێستا بە لانیکەمەوە ١٩ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون، ٥٨٥ کەسیش برینداربوون و دوو هەزار و ٨٤٠ کەسیش دەستگیرکراون.

ک.س