عەبدولمەهدی: بێ مۆڵەت فڕۆکەی جەنگی بۆی نییە بەسەر عێراقدا بفڕێ

سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری داوە، کە هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی و هێلیکۆپتەرێکی عێراقی و بیانی بۆی نییە بێ ڕەزامەندی ئەو بەسەر ئاسمانی عێراقدا بفڕێ، بە پێچەوانەوە هێزەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق ڕووبەڕووی دەبنەوە.


ئێوارەی دوێنێ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرایکرد کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە هەر دوێنێ و بە سەرۆکایەتی خۆی بەڕێوە چووە فەرمانی کردووە، کە چیتر هیچ فڕۆکەیەکی عێراقی و بیانی بەبێ فەرمانی ئەو بەسەر ئاسمانی عێراق-دا نەفڕێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: فەرماندەی گشتی فەرمانی کردووە، هەموو مۆڵەتەکانی فڕین بەسەر ئاسمانی عێراق کە فڕینی فڕۆکەی چاودێریی، فڕینی فڕۆکەی چاودێری و هێرشبەر، فڕۆکە جەنگییەکان، هێلیکۆپتەرەکان و هەموو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەخۆ دەگرێت، بۆ هەموو لایەنەکانی ناوخۆیی و دەرەکی هەڵدەپەسێردرێت.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندروەکەدا هاتووە: عەبدولمەهدی بڕیاری داوە لەمەودوا تەنیا بۆخۆی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق یان ئەو کەسەی لەلایەن خۆیەوە ڕابسپێردرێت، بۆی هەیە مۆڵەت بە فڕینی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی عێراقەوە بدات.

هەروەها هاتووە: عەبدولمەهدی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە پابەندی ئەم فەرمانە بن و هۆشداریی داوە کە هەر چەشنە فڕینێک دەرەوەی ئەم فەرمانە، بە فڕینی دوژمن دادەنرێت و بەرگری ئاسمانی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ئەم فەرمانە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێرش کرایەسەر کۆگایەکی گەورەی تەقەمەنی لە بنکەی سەربازی 'سەقەر' کە دەکەوێتە باشوری بەغدای پایتەخت کە کۆگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبیە، لەو هێرشەدا کەسێک کوژرا و ٢٩ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەرچەند بە فەرمی ڕانەگەیندرا کە ئەو هێرشە لەلایەن کام وڵاتەوە کراوە، بەڵام ئاژانسە جیهانییەکان ڕایانگەیاند ئەو کۆگایە، کۆگای ئێران بووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتەسەر.

هەروەها ئەم فەرمانە دەتوانێت ببێتە بەربەستێک بۆ هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان کە تا ئێستا بووتە هۆی قوربانی بوونی دەیان هاوڵاتی سڤیل.

د.ع