فایەق گوڵپی چەندین سەرگوزشتەی شەهید دیار غەریب دەگێڕێتەوە

دکتۆر فایەق گوڵپی، سەرۆکی پێشووی پەچەدەکە باس لە جێدەستی شەهید دیار غەریب-دا دەکات لەپارتەکەدا و چەندین سەرگوزەشتەی خۆی و شەهید دیار غەریب-یش دەگێڕێتەوە،دەشڵێت "ئێمەی هاوڕێیانی دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەیی لەناو کورد و بەجێگەیاندنی بیروبۆچوونەکانی بکەین".


د.فایەق محەمەد گوڵپی، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پێشووی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان-پەچەدەکە، هاوڕێیەکی ٢١ ساڵەی شەهید دیار غەریبە و لە چەندین قۆناغی سیاسیی جیاجیادا پێکەوە کاریان کردووە، کە دیارترینیان لە پەچەدەکە-دا بووە، لەم دیدارەیدا لەگەڵڕۆژنیوز، هەندێک بەسەرهاتی خۆی لەگەڵ شەهید دیار غەریب دەگێڕێتەوە و باس لە جێدەستی هاوڕێ شەهیدەکەشی دەکات.

 

وەک د.فایەق خۆی دەیگێڕێتەوە، ساڵی ١٩٩٨ بۆیەکەم جار هەڤاڵ هەڵمەتیی بینیوە و ناسیویەتی: لەدوای دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و دەرکردنی ئۆجالان لە سوریا، ئەوکاتە من هاتووچۆی ڕێکخراوی یەکێتیی ڕۆشنبیرانی نەتەوەییم دەکرد، ئەوانیش جاروبار کۆڕ و سیمیناریان ڕێکدەخست منیش بەشدارییم تێدا دەکرد، جارێک سیمینارێک بۆ هەڤاڵ هەڵمەت ڕێکخرابوو، منیش بەشداریی سیمینارەکەم کرد، ئەوە بووە سەرەتای یەکترناسینمان و لەوێوە بوو بە هاوڕێم.

ئەگەرچی بەلای فایەق گوڵپییەوە، ئەو سیمینارەیەکەم خاڵی یەکترناسینی بووە لەگەڵ شەهید دیار غەریب، بەڵام دوای یەکترناسینی زیاتریان لەگەڵ شەهید دیار، دیار غەریب باسی یەکەمجاری یەکتربینینی هەردووکیان بۆ د.فایەق دەگێڕێتەوە، کە بەمجۆرە بووە: هەڤاڵ هەڵمەت خۆی خەڵکی گوندی سێوسێنان-ی ناوچەی قەرەداغە، منیش لە ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٨ لە سێوسێنان پێشمەرگە بووم و نەخۆشخانەشم هەبوو، لەوێ جاروبار لەکاتی پشوودا یاری تۆپی پێمان دەکرد، هەڤاڵ هەڵمەتیش منداڵبووە و ماڵیان لە سلێمانی بووە، ئەوکاتە گەڕاوەتەوە بۆ سێوسێنان، کە ئێمەی بینیوەیاریمان کردووە، لەگەڵ ئامۆزایەکیدا هاتن و زۆری حەزلێبووەیاریمان لەگەڵ بکات، ئێمەش لەیارییەکە بەشدارییمان پێکرد و زۆریش زیرەک بووە.

بەهۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠، شەهید دیار غەریب دەگەڕێتەوە بۆ قەندیل و تا ساڵی ٢٠٠٢ د.فایەق نایبینێتەوە، لەو بارەیەوە گوڵپی دەڵێت: ساڵی ٢٠٠٢ لە قەندیل کۆنگرەی کادەک هەبوو (کۆنگرەی دیموکراتیی کوردستان)، منیش بانگهێشت کرابووم بۆ بەشدارییکردن لە کۆنگرەکە، ئەوکات تەنها مانگێک بوو کە پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان-پەچەدەکە دامەزرابوو، ئێمە چووینە بارەگای پەچەدەکە لە بناری قەندیل، هەڤاڵ هەڵمەتیش لەوێ بوو یەکمانبینییەوە، کۆنگرەکە ١٢ ڕۆژی خایاند، زۆربەی ڕۆژەکان من و هەڤاڵ هەڵمەت پێکەوە لە بارەگای پەچەدەکەوە دەچووین بۆ شوێنی کۆنگرەکە.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن پەچەدەکە لە بە‌غدا، موسڵ و کەرکوک بارەگای خۆی دەکاتەوە و دوای ماوەیەک کۆنگرەی پەچەدەکە دەبەسترێت و .فایەق گوڵپیش بە سەرۆکی پەچەدەکە هەڵدەبژێردرێت و "هەڤاڵ هەڵمەت"یش دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، دواتریش چەندین بەپرسیارێتیی جیاجیا دەکەوێتە سەر شانی هەڤاڵ هەڵمەت و "هەمووی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە هەڵدەسووڕاندووە".

سەرۆکی پێشووی پەچەدەکە باس لەڕۆڵی دیار غەریب دەکات لە وەرگرتنی مۆڵەتی حزب بۆ پەچەدەکە لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دەیگێڕێتەوە: ئەوکاتەی کە ئێمە لە هەوڵدابووین بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کاری حزبیی بۆ پەچەدەکە، هەڤاڵ هەڵمەت بەرپرسی کۆمیتەی دپلۆماسیی بوو، چووە بەغدا هەموو بەڵگەکانی لەگەڵ خۆی برد، دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان چەندین تۆمەتی جۆراوجۆریان بۆ پەچەدەکە هەڵواسیبوو، کە ئەمانە تیرۆریستن و خەڵکی ئێرە نین و چەندین تۆمەتی دیکە، بەڵام هەڤاڵ هەڵمەت بە ئیرادەی خۆی، توانیی هەموو ئەو تۆمەتانە هەڵوەشاندبووەوە و مۆڵەی کاری حزبیی بۆ پەچەدەکە بەدەستبهێنێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی چارەسەر دیموکراتی کوردستان، دوو ساڵ جارێک پێویستبووە کۆنگرە ببەسترێت و سەرۆک مافی هەبووە دوو خول خۆی کاندید بکات، لە کۆنگرەی سێیەمی پەچەدەکەدا لە ساڵی ٢٠٠٨ ، دوای بەسەربردنی دوو خولی سەرۆکایەتیی لەلایەن فایەق گوڵپییەوە، ئیدی دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە و لەلایەن فایەق گوڵپییەوە پێشنیار دەکرێت کە "هەڤاڵ هەڵمەت" ببێت بە سەرۆکی پەچەدەکە، سەرەنجام بە دەنگیی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەکە، دیار غەریب بە سەرۆک هەڵدەبژێردرێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەرکی سەرۆکایەتیی و دوو ساڵیش هاوسەرۆکایەتیی پەچەدەکە دەگرێتە ئەستۆ، تا لە ساڵی ٢٠١٤-دا پەچەدەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە.

ساڵی ڕابردوو د.فایەق گوڵی کتێبی "کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم"ی بڵاوکردەوە و دانەیەکی لێ دەنێرێت بۆ شەهید دیار غەریب، "لە ٨ی ١٠ی ٢٠١٨ هەڤاڵ هەڵمەت نامەیەکی دەستنووسیی هاوڕێیانەی بۆ ناردم و نووسیبووی کە کتێبەکەم پێ گەیشتووە و دوای ئەوەی کە خوێندمەوە تێبینییەکانت بۆ دەنێرمەوە، لەدوای ١٠ ڕۆژ لەو نامەیە واتە لە ١٨ی ١٠ نامەی دووەمی بۆ نووسیومەتەوە و تێبینییەکانی خۆی لەسەر کتێبەکەم خستووەتەڕوو".

د.فایەق گوڵپی، ئاماژە بە شارەزایی شەهید دیار غەریب دەکات لەبواری مێژووی کوردستاندا و دەڵێت:"هەڤاڵ دیار شارەزایەکی باشی مێژوو بوو، مێژووی دەبەستەوە بە ئەمڕۆوە و ئەمڕۆشی دەبەستەوە بە دواڕۆژەوە، دەیویست حزبە کوردییەکان لە سیاسەتی حزبییەوە ڕابکێشێت بۆ سیاسەتی نەتەوەیی، هەمیش زۆرجەختی لە دەربازکردنی ئەو حزبە کوردییانەی باشوری کوردستان دەکردەوە کە کەوتوونەتە ژێر چنگی هێزە داگیرکەرەکانەوە، هەم بە تیۆریی و هەمیش بە پراکتیکیی کاری بۆ ئەوە دەکرد، کە سیاسەت بگێڕێتەوە بۆڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی".

ئەو هاوڕێ ٢١ ساڵەی شەهید دیار غەریب، بەم چەند دێڕە کۆتایی بە قسەکانی دێنێت:"ئێمەی هاوڕێیانی دەبێت بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆین، کە هەم یەکێتیی نەتەوەیی لەناو کورد-دا بەهێز بکەین و هەمیش کاری زیاتر بۆ چەسپاندنی ئەو بیروباوەڕە بکەین لە باشوری کوردستان کە هەڤاڵ هەڵمەت ڕابەرایەتیی دەکرد، چونکە ئەو بیروباوەڕە یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی ڕزگاربوونی گەلی کورد لە هەموو جۆرە کێشەیەکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی".

س.ح