فڕۆکە 'ئێف ٢٢'ـەکانی ئەمریکا گەیشتنە کەنداو

هێزی ئاسمانی سوپای ئەمریکا چەند فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری 'ئێف ٢٢'ی ناردووەتە ناوچەی کەنداو و لە ئێستادا گەیشتوونەتە بنکەیەکی سەربازی لە وڵاتی قەتەر.


ئەمڕۆ ماڵپەڕی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە چەند فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری 'ئێف ٢٢'ی کە ڕادارەکان نایانگرن، بۆ یەکەمجار ڕەوانەی کەنداو کردووە و لە ئێستادا لە بنکەی سەربازیی 'عودەید' لە وڵاتی قەتەر جێگیربوون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو فڕۆکانە بۆ بەرگری لە هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست- سنتکام، لەو بنکەیە جێگیربوون.

هەرچەند لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ژمارەی ئەم فڕۆکانە نەکراوە، بەڵام لە هەندێک لە وێنەکان کە بڵاو کراونەتەوە، پێنج فڕۆکە لەو جۆرە دەبینرێن.

گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە تەشەنەی سەندووە، سەڕای ئەمەش ئێران پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان ڕەتدەکاتەوە.

س.ح