فڕۆکەB-52کانی ئەمریکا گەیشتنە کەنداو

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- سنتکام، ڕایگەیاند کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-52 ئەمریکا گەیشتوونەتە کەنداو.


ئاژانسی ڕۆیتەرز وێنەیەی ئەو فڕۆکە  بۆمبهاوێژانەی لەپێگەی ئاسمانی ئەمریکا لەوڵاتی قەتەر بڵاوکردووەتەوە، کە پێشتر ئەمریکا ڕایگەیاندبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بەنیازە بیاننێرێتە ناوچەکە.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسە ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەتیان کردووە کە ئێران لەسەر مێزی دانووستان لەگەڵ ئەمریکا دابنیشیت.

بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکانی نزیک لەسوپای پاسداران، یەدوڵا جەوانی جێگری سیاسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە:"دانووستانێک لەگەڵ ئەمریکا ناکرێت، ئەمریکییەکانیش ناوێرن دژی ئێمە هێرشی سەربازیی ئەنجامبدەن".

چەند ڕۆژ لەمەوبەر جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کە جێگرکردنی گروپی کەشتییە جەنگییەکان بە سەرکێشی کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس ئابراهام لینکێن" و ژمارەیەک بۆمبهاوێژ لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکە، پەیامێکی ڕوونی بۆ حکومەتی ئێران هەیە،کە "هەر چەشنە هێرشێک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووی هێزێکی بێوچانی دەکاتەوە".

شەوی ڕابردوو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی نیازی شەڕی لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام ناکرێت سەبری ئێمە ئێران بخاتە هەڵەوە و واتێبگەن کە هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەنجام نادەین، هەروەها قسەکانی ترامپی بەبیرهێنایەوە کە وتبووی: "پێم خۆشە لەگەڵ ڕێبەرانی ئێران دابنیشم و کار لەسەر ڕێککەوتن و گرنگ تر لەوە هەڵگرتنی هەنگاوێک بکەین، کە ئێران بگەینێتە داهاتوویەکی شایستە".

د.ع