ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا “سینات” بە زۆرینەی دەنگ بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی هەرێمی ئارتساخدا نا، ئەوەش یەکەم هەنگاوە لە دوای ٣٠ ساڵ لە جیابونەوە و وەرگرتنی سەربەخۆیی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان.
لە بڕیارەکەیدا جگە لە ناساندنی فەرمی هەرێمەکە بۆ یەکەمجار لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا ئیدانەی دەستدرێژیی سەربازیی ئازەربایجانیشی کرد کە بە پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی تورکیا و بەکرێگیراوانی دەرەوە ئەنجام دراوە، داوای کشانەوەی دەستبەجێی هێزە چەکدارەکانی ئازەربایجانی کرد لەو ناوچانە کە ئەرمەنییەکان لە ٢٧ی ئەیلولەوە لە ئارتساخ کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان لەدەستداوە.
هەروەها داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد بە دوای ئاسایشی دەستبەجێدا بگەڕێت بۆ پاراستنی دانیشتوانی ناوچەکە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هێزێکی جیاکراوەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆیی گەورە پێشکەش بە دانیشتوانی مەدەنی بکرێت.
ئەنجومەنی پیران داوای کرد لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بکرێت لە تاوانەکانی جەنگ لە ئارتساخ و هەموو دەرەنجامێکی دیبلۆماسی لەسەر ڕۆڵی تورکیا لەو شەڕەدا لەبەرچاوبگرێت.
لە بەرامبەریشدا هەریەک لە حکومەتی ئازەربایجان و ئەنقەرە بەهۆی بڕیارەکەوە تەنگەتاو بوون و ڕەخنەیان لە فەرەنسا گرت، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ پاریس گفتوگۆ بکات بۆ جێگیربوونی ئاشتی لەو ململانێیتە.
دەنگدانەکەی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا بەتایبەت دوای دەستوەردانی ئاشکرای تورکیا لەو شەڕەی نێوان ئازەر و ئەرمینیا لەسەر ئارتساخ هاتە کایەوە، بەتایبەت کە ئەردۆغان هەمان ڕۆڵی لە لیبیا و سوریا دەگێڕێت.
هەرێمی ئارتساخ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا بنرێت، ئەو بڕیارەی سیناتی فەرەنساش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەکەمجارە.
ی. ک