فەرەنسا، سەدان کەس دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لە شەقام بوون

چالاکییەکان لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا سەدان کەس لە کوردستانیان، لە شاری مارسیلیای فەرەنسا ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمەکانی "ئێمە هەموومان ئۆجالانین - بکوژ ئەردۆغان" خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.


ئێوارەی دوێنێ لە شاری مارسیلیای فەرەنسا، لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و بۆ خاوەنداریکردن لە چالاکیی مانگرتنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندەران لە گۆڕپانی کانەبیرییە کۆبوونەوە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "بکوژ ئەردۆغان" ، "ئازادی بۆ ئۆجالان" و "ئێمە هەموومان ئۆجالانین" و بە بەرزکردنەوەی وێنەیەکی گەورەی ئۆجالان و لەیلا گوڤەن دەستیان بە رێپێوان کرد.

لە چالاکییەکەدا سڵاو بۆ بەرخودێرانی چالاکیی مانگرتن لە خواردن نێردرا و داوا لە کۆمیتەی جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە 'سی پی تی' کرا، کە بە خێرایی سەردانی ئیمرالی بکات.

هەروەها هەزاران ڕاگەیاندراو بڵاوکرانەوە، کەتێیاندا بە هاووڵاتیانی فەرەنسی ڕاگەیەندرا، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت کوردان بکوژێت.

لە کۆتایی رێپێوانەکەدا لە گۆڕەپانی ڤیوکس پۆرت گردبوونەوەیەک ڕێکخرا، تێیدا چەند وتارێک پێشکەشکران، لە قسەکاندا سەرنجیان خستە سەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایانگەیاند، کوردانی ئەوروپا بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بێدەنگ نابن و لە هەموو شوێنێکدا بەرخودان فراوانتر دەکەنەوە.

 

س.ح