فەرەنسا، لە مۆزەخانەی لۆڤەر و وێستگەی میترۆ چالاکی بۆ ئۆجالان ئەنجامدرا

گەنجانی کورد لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس و لە گەورەترین وێستگەی میترۆى پاریس، چالاکییان ئەنجامدا و داوایان کرد گۆشەگیریی ئیمراڵی لاببرێت.


دوێنێ گەنجان لە بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان- یەخەکە و ژنانی خوێندکاری کوردستان (JXK) لە وێستگەی گاردو نۆرد (وێستگەی سەرەکیی باکوور) لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا چالاکییەکیان ئەنجامدا.

گەنجان بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشنە سەر گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، پۆستەرێکی ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکە و کەجەکە و وێنەی سێ ژنە شۆڕشگێڕەکەی کورد، کە لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریس تیرۆر کران، بەرزکردبووەوە.

هەروەها پۆستەرێکیان بە دروشمی "دەوڵەتی تورکی فاشیست لە کوردستان بۆ دەرەوە" بە زمانی فەرەنسی بەرزکردبووەوە.

گەنجان بۆ ئازادیی ئۆجالان و ئیدانەکردنی دەوڵەتی تورکیای فاشیست چەندین دروشمیان دەوتەوە.

لەلایەکى دیکەوە، گەنجانى کورد لە پاریس، لە بەردەم مۆزەخانەی لۆڤەر، دەستیان بە خوێندنەوەی کتێبەکانی ئۆجالان کرد.

ئەندامانی ڕێکخستنی گەنجان لە بەردەم مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس کۆبوونەوە و گۆشەگیرییان ئیدانە کرد، گەنجان لە بەردەم مۆزەخانەکە دانیشتن و دەستیان کرد بە خوێندنەوەی کتێبەکانی ئۆجالان.

هەروەها گەنجان لەبارەی گۆشەگیری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ڕاگەیاندراویان بە ناو سەردانکارانی مۆزخانەکە، گەشتیاران و هاووڵاتییاندا بڵاوکردەوە و سەرنجێکی زۆری گەشتیارانیان بۆ لای خۆیان راکێشا.

د.ع