فەرەنسا، هەزاران کەس دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان گردبوونەوە

لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرەنسا، هەزاران کەس گەلەکۆمە و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان-یان ئیدانە کرد و سڵاویان نارد بۆ بەرخۆدانی چالاکانی مانگرتوو لە خواردن، هەروەها کەجەکە پەیامێکی بۆ جەماوەر نارد و داوای کرد، کە بەرخۆدان هەموو شوێنێکی جیهان بگرێتەوە.


بۆ ئیدانەکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لەسەر ئۆجالان و پشتیوانی لە چالاکانی مانگرتوو لەخواردن بە پیشەنگایەتی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکەی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە، ئەمڕۆ لە ستراسبۆرگ لە فەرەنسا گردبوونەوەیەکی هەزاران کەسی بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای دەستپێکردنی گردبوونەوەکە، هەزاران کەس دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ، ئازادیی بۆ ئۆجالان، "لەیلا گوڤەن کەرامەتی ئێمەیە"یان دەوتەوە.

"کورد فاشیزم هەڵدەوەشێنێتەوە و گۆشەگیریی دەشکێنێت"

فاتوش گوکسونگور، هاوسەرۆکی کەجەدەی ئەوروپا، لە دەستپێکی گردبوونەوەکەدا قسەی کرد و وتی: گەلی کورد بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوام لە مەیدانی چالاکییدایە.

فاتوش ئاماژەی بە چالاکیی مانگرتن لەخواردنەکەی لەیلا گوڤەن دا وتی، "گەلی کورد فاشیزم هەڵدەوەشێنێتەوە و گۆشەگیریی دەشکێنێت".

کەجەکە: دەبێت بەرخۆدان لە دژی فاشیزم هەموو جیهان بگرێتەوە

دواتر جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە، پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستە جەماوەری گردبوونەوەکە کرد، بایک لە پەیامەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئیتر گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ قەبوڵ ناکرێت و سڵاوی نارد بۆ چالاکانی مانگرتوو لە خواردن. جەمیل بایک وتی: " بەرخۆدانی بەهەیبەتی گەلی کورد گۆشەگیریی دەشکێنێت و ئۆجالان و کوردستان ئازاد دەکرێت. ئێمە دەبێت لە دەوری هەڵمەتی "ئێمە گۆشەگیریی بشکێنین، فاشیزم هەڵبوەشێنینەوە و کوردستان ئازاد بکەین" کۆببینەوە و تێکۆشانی خۆمان بە هەموو جیهاندا بڵاوبکەینەوە.

"عەفرین ئازاد دەکەین"

لە گردبوونەوەکەدا لەسەر ناوی تەڤ-دەم، ئاڵدارخەلیل، قسەی کرد و ئاماژەی بە بەرخۆدانی چالاکانی مانگرتوو دا و وتی:" بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، بە بەرخۆدانی گەلی کورد لە هەر جێگەیەکی جیهاندا، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ تێکدەشکێت، دەبێت گەلەکەمان باش بزانن، کە عەفرین ئازاد دەکەن، ئێمە بە ئازادیی ڕێبەرەکەمان کوردستان ئازاد بکەین."


ک.ک