فەرەنسا، ١٦ ڕۆژە مانگرتن لە خواردن بەردەوامە

له‌ دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کورستان- پەکەکە، له‌ شاری ستراسبۆرگی فه‌ره‌نسا ١٨ هاوڵاتى کورد ماوەی ١٦ ڕۆژە ده‌ستیان به‌ مانگرتنی بێ مه‌ودا و بێ نۆبه‌ت کردوە.


ئەمڕۆ مانگرتنی ١٨ هاوڵاتى کوردى دانیشتووى ئەوروپا، له‌ به‌رده‌م بینای کۆنسه‌ی ئه‌ورووپا له‌ شاری ستراسبۆرگ-ى فەرەنسا بوو بە ١٦ ڕۆژ، ئەوان لە مانگرتنەکەیان بەردەوامن، کە لە ڕۆژی ١٧-١٢-٢٠١٨وە دەستیان پێکردوە.

لە ناو مانگرتوواندا، مسته‌فا ساریکایا، سیاسه‌تمه‌داری کورد، دیله‌ک ئۆجالان، په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتیی دیموکراتیی گه‌لان-هه‌ده‌په‌ و یوکسه‌ل کۆچ، هاوسه‌رۆکی کۆنگره‌ی دیموکراتیی کوردستانیانی ئه‌ورووپا (KCDK-E - که‌جه‌ده‌که‌-ئه‌ورووپا) هەن.

ئەوان کاتێک دەستیان بە مانگرتنەکەیان کرد، ڕایانگەیاند: "ئێمه‌ وه‌ک گرووپی 'ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئازادیی ئۆجالان' له‌پێناو کۆتایی هێنان به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، دەست به‌ مانگرتن له‌ خواردن به‌شێوه‌ی بێ مه‌ودا و بێ نۆبه‌ت ده‌که‌ین، بانگ لە کۆنسه‌ی ئه‌ورووپا، په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا و سی پی تی (ڕێکخراوی ڕێگرتن له‌ ئه‌شکه‌نجه‌) ده‌که‌ین، که‌ له‌ دوورگه‌ی ئیمڕاڵی سیاسه‌تێکی نامرۆڤانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نابێ زیندانییه‌ک و ڕێبه‌رێک سێ ساڵ له‌ جیهان، خانه‌واده‌ و گه‌له‌که‌ی داببڕێنرێت و گۆشه‌گیر بکرێت. ئه‌مه‌ له‌ هیچ شوێنێکی جیهاندا نییه‌، له‌ فاشیستترین و‌ڵاته‌کانیشدا شتێکی وه‌ها نییه"‌.

ئەوان داواش دەکەن: "له‌پێناو هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، له‌پێناو کۆتایی هێنان به‌ هێرشه‌کانی سه‌ر گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژئاوا، شه‌نگال و مه‌خموور ده‌ست به‌ مانگرتن له‌ خواردن ده‌که‌ین به‌شێوه‌ی بێ مه‌ودا و بێ نۆبه‌ت، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی داواکارییه‌کانمان جێبه‌جێ ده‌کرێن، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چالاکییه‌که‌مان".

لە ماوەی ئەم ١٦ ڕۆژەدا چەندین گروپ و پارتی سیاسی و ڕێکخراوی بیانی سەردانی چالاکی مانگرتوانیان کردوە و پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتووان دەربڕیوە.

 

ک.ک