کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە سەدان هەژماری ساختەی سەربە ڕێکخراوی موجاهیدن خەلقی داخستووە کە لە کێڵگەیەکی ترۆڵەوە کاریان کردووە.
دوێنێ کۆمپانیای فەیسبووک داخستنی سەدان هەژماری ساختەی سەربە ڕێکخراوی موجاهیدن خەلقی ڕاگەیاند، کە بە شێوەی هاوبەش و هاوکات، بابەتەکانیان لە کێڵگەیەکی ترۆڵەوە ئاراستە کردووە.
بە وتەی فەیسبووک، ئەم هەژمارە ساختانە، ڕەخنەیان لە دەسەڵاتی ئێران گرتووە و پشتیوانییان لە ڕێکخراوی موجاهیدن خەلق کردووە و زۆربەیان بە ناو و وێنەی ساختەوە دانراون.
لێکۆڵینەکانی فەیسبووک ئاشکرای کردووە کە ئەم هەژمارانە، لە شوێنێکی هاوبەشەوە لە وڵاتی ئاڵبانیا (کە ئێستا کامپێکی موجاهیدین خەلقی تێدایە) کاریان کردووە و بابەتەکانیان ئاراستە کردووە.
فەیسبووک ئەم شوێنەی وەک کێڵگەی ترۆڵ ناساندووە، لە واتای تەکنیکییدا، بە شوێنێک دەوترێت کە ژمارەیەک لە هەژمارەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە تێدا کار دەکەن و بەرهەمی هاوبەش دروست دەکەن.
پسپۆرانی فەیسبووک ئاشکراشیان کردووە کە ئەم بابەتانە لەم هەژمارانەوە، هاوکات لەگەڵ کاتژمێری ئیداریی فەرمانگەکانی ئەوروپای ناوەندی بڵاوکراونەتەوە و هەر بەو ئاراستەیەش کاتی نانی نیوەڕوانیشیان لەگەڵ ئەوروپا هاوکات بووە، چونکە لەو کاتانەدا هیچ چالاکییەکیان نەبووە.
فەیسبووک ڕاشیگەیاندووە، بە گشتی زیاتر لە ٣٠٠ هەژمار، لاپەڕە و گروپی لە تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام داخستووە و سڕیوەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تا کۆتاییەکانی ٢٠٢٠ زۆر چالاکبوون.
لە بەرامبەردا موجاهیدین خەلق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە هیچکام لەو هەژمارانە پەیوەندییان بەو ڕێکخراوەوە نەبووە و هیچ کێڵگەیەکی ترۆڵ گرێدراوی ڕێکخراوەکەیان لە ئەڵبانیا بوونی نییە.
ب.ک