لاوانی جیهانی ئیدانەی هێرش بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی باشوری كوردستان دەكەن

هێرشەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر سنوری باشووری كوردستان، لەلایەن ڕێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی جیهانییەوە ئیدانە دەكرێت.


دوایین كۆبونەوەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی جیهانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، هەفتەی ڕابردوو لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو، تێیدا 15 رێكخراو و نوێنەری بەشێك لەڕێكخراوەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادەبوون.

رێباز هاشم، سكرتێری یەكێتی لاوانی كوردستان بە ڕۆژنیوز-ی ڕاگەیاند، لەكۆبونەوەكەدا داوایانكردووە  لە بەیاننامەی سیاسی یەكێتی لاوانی دیموكراتی جیهانی ئیدانەی هێرشەكانی توركیا و ئێران بكرێت بۆ سەر گوند و ناوچە سنورییەكانی باشووری كوردستان، "هەر بۆیە لە بەیاننامەی كۆتاییدا داواكەمان جێگیر كراو ئێدانەی هێرشەكان كرا".

وتیشی: یەكێـتی لاوانی جیهانی ڕێكخراوێكی جیهانییە و ڕاوێژكاری هاوبەشی هەیە لەگەڵ نەتەوە یەگرتووەكان و یونسكۆ و بەیاننامەكانی دەگاتە نوسینگەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان.

 هەروەها وسام خەز عەلی، سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق بە ڕۆژنیوز-ی وت: لەگەڵ ڕێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی جیهانی رێككەوتووین لەمەودوا سەرجەم ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر ناوچە سنورییەكان لە هەرێمی كوردستان تۆمار بكرێت، بۆ ئەوەی دواتر لەو ڕێگەیەوە جیهان لەو هێرشانە ئاگادار بكرێنەوە.

ك.س