لاڤرۆف: مەترسی پێکدادانێکی گەورە لە کەنداو زیاتربووە

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت: بەهۆی کردەوەکانی ئەمریکاوە، فراوانبوونی ڕووداوەکان لە کەنداو گەیشتووەتە خاڵێکی مەترسیدار و مەترسی پێکدادانێکی گەورە لە کەنداو زیاتردەبێت.


سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بڵاو بووەتەوە، ئاماژەی بە گەیشتنە لوتکەی گرژییەکان داوە و هۆشداریی داوە کە مەترسی پێکدادانیکی گەورە لە ناوچەکە هەیە.

لاڤرۆف وتوویەتی: دۆخی ئاڵۆزی لە ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر ئەنجامی سیاسەتەکانی واشینتۆنە کە نەک تەنها لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، بە کردەوەکانیشی ڕووداوەکانی خێراترکردووە، لە ئەنجامدا مەترسییەکانی پێکدادانێکی سەربازی لە ئاستێکی گەورە زیاد بووە.

لە بەردەوامی لاڤرۆف دەڵێت: ئێمە نابێت ڕێگە بدەین لە ناوچەکە پێکدادانێکی سەربازی تێکدەرانە و پڕاوپڕ لە ئەنجامە کارەساتبارەکان دەستپێبکات، کە نە تەنها وڵاتانی ناوچەی کەنداو، پێی هەموو وڵاتانی جیهانیشی تێدەکەوێت.

س.ح