له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا گردبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو

مانگرتن له‌ خواردن، که‌ له‌ شاری ستراسبۆرگ له‌پێناو هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ ڕۆژی ٣١هه‌مدا به‌رده‌وامه‌، هاوکات له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بە سەدان هاوڵاتی دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان گربوونەوە.


ئه‌مڕۆ له‌ شاری ستراسبۆرگی فه‌ڕه‌نسا له‌ به‌رده‌م بینای په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا گردبوونه‌وه‌یه‌ک دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئیمراڵی به‌ڕێوه‌چوو، کوردستانییانی ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، به‌لجیکا، سویسرا و هۆڵه‌ندا لە به‌یانی زوەوە خۆیان گه‌یانده‌ ستراسبۆرگ و به‌شدارییان کرد له‌ گردبوونه‌وه‌که‌، هاوکات ئه‌ندامانی کۆما به‌رخۆدان، دیار دێرسم و هۆزان شه‌مدین له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی دیکه‌ به‌شدارییان له‌ چالاکییه‌که‌دا کرد.

ئاماده‌بوان درووشمه‌کانی "بێ سه‌رۆک ژیان نابێ، ئازادیی بۆ ئۆجالان، فاشیست ئه‌ردۆغان، به‌رخۆدان ژیانه‌ و به‌سه‌ گۆشه‌گیری"یان دوتەوە، هه‌روه‌ها مانگرتوانی ستراسبۆرگ-یش چوونە شوێنی گردبوونه‌وه‌که‌.

جێی باسه‌ زیاتر له‌ ١٤ ده‌زگای مێدیایی ئه‌وروپا ڕووماڵی ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه‌یان کرد.


ک.ک