لوتکەی G-20 دەستیپێکرد، ئێران بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانە

لوتکەی G-20 لە شاری ئۆزاکای ژاپۆن دەستیپێکردووە، سەرۆکانی وڵاتانی ئامادە لەم لوتکەیە لە پەراوێزی دانیشتنەکە کۆدەبنەوە، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانیشیان ئێران دەبێت.


ئەمڕۆ لوتکەی ٢٠ وڵاتی پیشەیی جیهان ناسراو بە G-20 لە شاری ئۆزاکای ژاپۆن دەستیپێکردووە، هەرچەند پێویستە تەوەری سەرەکەی ئەم لوتکەیە کە بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی ٢٠ وڵاتی پیشەیی جیهان بەڕێوەدەچێت، قسەکردن بێت لە سەر سیاسەتە ئابورییەکانی جیهان، بەڵام بە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە، بابەتی سەرەکی ئەم لوتکەیە گۆڕاوە بۆ ئەم کێشەیە.

یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکان کە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کۆتایی پێهاتووە، کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەمریکا و ڕوسیا-یە، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی هەردوو وڵات، تەوەریی سەرەکیی، ئێران، بوونی هێزەکانی ڕوسیا لە لە خاکی ئۆکراینیا و سوریا بووە.

تا ئێستا نە میدیاکانی ژاپۆن و نە ئاژانسەکانی ئەمریکا و ڕوسیا هیچیان لەسەر ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە ئاشکرا نەکردووە.

هەروەها بڕیار وایە ترامپ لەگەڵ سەرکردەی چەن وڵاتی دیکەش بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران کۆببێتەوە، جگە لەوە سەرکردەکانی وڵاتانی ئامادە لە لوتکەکە لە پەراوێزی دانیشتنە فەرمییەکان کۆدەبنەوە کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیان ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو دەبێت.

ئەمریکا زیاتر لە ساڵێکە فشارێکی رەهای خستووەتە سەر ئێران و دەڵێت پێویستە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات، هەر دوێنێ وەزیری خەزێنەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو: نیازیان وایە بە گەمارۆكان ئێران لاواز بكەن بۆیە ڕێژەی گەمارۆكان لە ٨٠٪ دەگەیننە ١٠٠٪، لە بەرامبەردا ئێران ڕازی نییە مەرجەکانی ئەمریکا پێکبێنێت و دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕەتدەکاتەوە.

س.ح