سەرۆکی بیلاڕوسیا هاوشێوەی مافیاکان چەکی لە بەرامبەر خۆپیشاندەران لە شەقامەکان ڕاکێشاو فەرمانی بە هێزە ئەمنیەکان کرد بێ سڵەمینەوە تەقە لە هەموو کەسێک بکەن کە بیەوێت لێیان نزیک بێتەوە.
ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆی دیکتاتۆر بە فڕۆکەیەکی تایبەت و بە جلی سەربازییەوە لەگەڵ کوڕە ١٥ ساڵانەکەی خۆی گەیاندە لای هیزە ئەمنیەکان لە شەقامەکان و چەکی کڵاشینکۆفی بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕاکێشاو لە بەرزاییەوەکەوە هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد، فەرمانیشی بە هێزە ئەمنیەکاندا کە هەرکەس لێیان نزیک بویەوە تەقەی لێ بکەن.
لۆکاشینکۆی ٦٥ ساڵ کە ماوەی ٢٦ ساڵە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بیلاڕوسیا دانیشتووە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە لە پرۆسەیەکی پڕ ساختەکاری هەڵبژاردندا، ٨٠٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەوپییەش ماوەی حوکمکردنی لە وڵات دەبێتە ٣٠ ساڵی تەواو، هەرئەوەش وای لە هاوڵاتیانی بیلاڕوسیا کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان و ئەنجامەکان ڕەتبکەنەوە بەوپێیەی ڕایانگەیاند ساختەکاری ئاشکرا ئەنجام دراوە.
ئێستا جگە لە ڕوسیا، هیچ وڵاتێکی دیکە دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی بیلاڕوسیادا نەناوە، لە کاتێکدا سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا کە ڕکابەری سەرەکی بوو لەو هەڵبژاردنەدا، بەهۆی هەڕەشەی کوشتنەوە، وڵاتەکەی جێهێشت و لە لیتوانیاوە ئاڕاستەی خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەریەکانی وڵات دەکات.
ی. ک