لێدوانێکی ڕوحانی کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە

دوای ئەوەی حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە بەشێکی ڕێکەوتنی ئەتۆمیی دەکشێنەوە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات و چەندین دەوڵەت دژی ئەو لێدوانە ناڕەزاییان نیشاندا.


ئەمڕۆ هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئیسرائیل و ڕوسیا و چین لەسەر ئەگەری کشانەوەی ئێران لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی هۆشدارییان دا.

فلۆرێنس پارلی، وەزیری بەرگری فەڕەنسا ڕاگەیاند: هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە ئێران لە ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپا بکشێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ هێشتنەوەی ڕێککەوتنەکە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین  لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە ڕێککەوتنەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت، هەموو لایەکیش بەرپرسیارە لە دڵنیایی و بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش ڕایگەیاند: کشانەوەی پێشتری واشنتۆن لە ڕێککەوتنەکە پێشێلکارییەکی ڕەهای ڕێککەوتنەکە بوو. ئێران توڕەو ئیستیفزاز کراوە، بۆیە لە بەشێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ زلهێزەکاندا کشاوەتەوە.

هاوکات بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەوە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هەروەها ماریک فیڵد، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی گشتیی وڵاته‌که‌ی، ڕایگه‌یاند: بڕیارەکەی ئێران هه‌نگاوێکی پێشوازی لێ نه‌کراوه‌. له‌م قۆناغه‌دا باس له‌ سه‌پاندنی سزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا ناکه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌کرێت، لابردنی سزاکانی سه‌ر ئێران به‌رامبه‌ر به‌ پابه‌ندبوونی ئێرانه‌ له‌ بواری چەکی ناوەکی.

ئەو کاردانەوە نێودەوڵەتییە دوای ئەوە هات، کە حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند: وڵاتەکەی دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنی ناوەکی، ٦٠ رۆژیش دیاریدەکات بۆ دانووستاندن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتان.


ک.ک