لەزیندانی دژەتیرۆری پارتیدا پێشمەرگەیەکی یەکێتی گیانی لەدەستدا

دژە تیرۆری پارتی دیموكراتی كوردستان پێشمەرگەیەكی سەر بە لیوای ٣ی هێزەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ دەڕفێنن ، دوای دوو ڕۆژ بە كەس و كارەكەی دەڵێن بڕۆن تەرمەكەی لەپزیشكی دادی هەولێر وەربگرنەوە، كەس و كارەكەشی تەرمەكەیان هێناوە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی بۆ ئەوەی لە هۆکاری مردنەکەی دڵنیابنەوە و یەكێتیش دەڵێت: هەركات هۆكاری گیان لەدەستدانیمان زانی هەڵوێستمان ڕوون دەكەینەوە.


دوو ڕۆژ پێش ئێستا، دژەتیرۆری پارتی، لە شارۆچکەی هەریر دژەتیرۆری پارتی پێشمەرگەیەکی یەکێتی بەناوی مەجید ئیبراهیم، دەستگیر دەکەن و ئەمڕۆش بە کەسوکاری دەڵێن بڕۆن تەرمەکەی وەربگرنەوە.

کەسوکاری لەدوای ئەوەی تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە لە پزیشکی دادی هەولێر، لە ئێستادا بەرەو پزیشکی دادی سلێمانی دەیهێنن بۆ ئەوەی لە هۆکاری مردنەکەی دڵنیابنەوە.

سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو كە خزمی نزیكی قوربانیەكەیە و لەبەر هەستیاری پیشەكەی نەیوست ناوی بهێندرێت، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند : دوو شەو لەمەوبەر هێزێكی زۆری دژە تیرۆری پارتی، لە گوندی سیساوەی سەر شارەدێی هەریر، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ( مەجید برایم هەروتی )  كە پێشمەرگەیە لە لیوای ٣ی هێزەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ، کە كەسایەتی و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی گرنگی هەبووە لە ناو كەس و كارو ناوچەكەی خۆی.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: دوای دوو شەو و ڕۆژ لە ڕفاندنی، هێزەكانی دژە تیرۆری پارتی هەواڵ بەكەس و كارەكەی دەدەن كە بچن تەرمی " مەجید " لە پزیشكی دادی هەولێر وەربگرنەوە.

دوای دڵنیابونەوە لە گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی، كەس و كارەكەی سۆراغی چۆنیەتی و هۆكاری مردنی دەكەن، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەلایەن دژە تیرۆرو پزیشكی دادی هەولێرەوە نادرێتەوە.

كەس و كارەكەی داوای گواستنەوەی تەرمەكەی دەكەن بۆ پزیشكی دادی سلێمانی ، بەڵام دژە تیرۆر ڕێگەیان نادات تەرمەكەی ببەن بۆ سلێمانی، بەڵام بەفشاری زۆری كەس و كارەكەی تەرمەكەی لەئێستادا بەڕێوەیە بەرەو پزیشکی دادی سلێمانی.

جەماڵ هەروتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند " لەئێستادا تەرمی مەجید ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە، وەكو یەكێتی چاوەڕوانی زانیاری پزیشكی داد دەكەین بۆ هۆكاری مردنەكەی، ئەوكات هەڵوێستی یەكێتی ڕوون دەكەینەوە و لێدوانی فەرمی لەبارەیەوە دەدەین.

مەجید برایم هەروتی، پێشمەرگەی لیوای ٣ی سەر بەهێزەكانی كۆسرەت ڕەسوڵە و خێزاندارەو باوكی دوو كوڕو سێ کچە، خاوەن كەسایەتی و پێگەی كۆمەڵایەتی بووە لەناو خەڵكدا.

د.ع