لەسەر هەوڵدانی ئێران بۆ تیرۆر دانیمارک باڵیۆزی خۆی کشاندەوە

حکومەتی دانیمارک، ئێران تۆمەتباردەکات بە هەوڵدان بۆ تیرۆری کەسێک لە ناو خاکەکەی، داوای لە باڵیوزەکەی کرد ئێران بە جێ بهێڵێت.


دوێنێ ئاناس سەموێلسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک ڕایگەیاند، کە باڵیۆزەکەیان لە ئێرانەوە دەکشێننەوە.

ئاناس سەموێلسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: جگە لەوەی داوامان لە باڵیۆزەکەمان کردووە ئێران بەجێ بهێڵێت، هەروەها بە نیازین داوای لە یەکێتی ئەوروپا بکەین گەمارۆی توند بخاتە سەر ئێران.

 لە درێژەی قسەکانیدا سەموێلسن ڕایگەیاند: دانیمارک بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات هێزە سیخۆڕییەکانی ئێران لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا هەوڵی کردنەئامانجی کەسانی دیکە بدەن.

لە بەرامبەردا، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و  بە پیلانێک بۆ تێکدانی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپای ناونا.

هەر دوێنێ دەزگای هەواڵگریی دانیمارک ئاشکرایکرد، کە ئامانجی ئەو پلانەی ئێران بۆ تیرۆر لە خاکی دانیمارکدا، هاوڵاتییەک بووە بەناوی حەبیب جەبر، حەبیب جەبر چالاکوانێکی سیاسی عەرەبی ئێرانیە.

بە وتەی فینبۆرچ ئەندرسۆن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دانیمارک، ئەو کەسە بەڕێوەبەری لقی دانیمارکی بزۆتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەلئەحوازیەیە.

ئەندرسۆن هەروەها دەڵێت، ڕۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەر لە سەر ئەو دۆسییەیە هاوڵاتییەکی نەرویجیی بەڕەچەڵەک ئێرانی دەستگیر کراوە.

ئەو کەسەی دەستگیرکراوە هەندێک وێنەی پێ بووە کە لە شوێنی مانەوەی ئەندامەکانی "بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەلئەحوازییە" گیراوە، بە گوێرەی دەزگای هەواڵگیری دانیمارک، ئەو کەسە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی خۆی لەگەڵ دەزگا سیخۆڕییەکانی ئێران ڕەتکردووەتەوە.

مایک پەمپئو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنی لەسەر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دەستخۆشیی لە حکومەتی دانیمارک کرد، لە تویتێکدا نووسی:"پیرۆزبایی لە دەوڵەتی دانیمارک دەکەین بۆ دەستگیرکردنی بکوژێکی ڕیژیمی ئێرانی".

هەروەها لە توویتەکەیدا نووسیویەتی:"ئەوروپا نزیکەی ٤٠ ساڵە بووەتە ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکانی ئێران، ئێمە داوا لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین ئەو هێرشانەی ئێران دژی ئاشتی و ئارامی بوەستێنن".

تۆمەتەکانی دانیمارک لە دژی ئێران لە کاتێکدایە، کە پێشتریش فەرەنسا، دەزگا سیخۆڕیەکانی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ ئەنجامی تەقینەوە لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی موجاهدینی ئێرانی لە پاریس تۆمەتبار کردبوو، لەو دۆسییەیەدا دپلۆماتێکی ئێرانی دانیشتووی نەمسا لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و دوای ماوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ڕادەستی وەڵاتی بەلجیک کرا.

جێگەی ئاماژەیە ناسنامەی تۆمەتباری پلانە تیرۆریستییەکەی دانیمارک ئاشکرانەکراوە و تا ڕۆژی دادگاییکردنی، لە ٨ی نۆڤەمبەر لە ژير چاودێری و لێکۆڵینەوەدا دەمینێت.

ش.ف