لەسەر ڕووداوەکانی بادینان نامەیەک بۆ ڕێکخراوە جیهانییەکان دەنێردرێت

دوو چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەسەر ڕەشبگیرییەکانی بادینان، نامەیەک بۆ ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنێرن و داوا دەکەن، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێنە دەنگ.


لە نامەیەکدا کە دوێنێ شەو بڵاویان کردوەتەوە، کەژاڵ حەمە ڕەشید و نیازی حامد برایم، دوو چالاکوانی مافی مرۆڤ، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردوە، نامەکەیان ئاڕاستەی ڕێکخراوە نێودەوڵيتییەکانی مافی مرۆڤ کردوە لەسەر ڕووداوەکانی بادینان.

لە نامەکەدا هاتووە: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە بێتە دەنگ و سوپای تورکیا ڕاگرێت لەو سنوربەزاندن و پێشێلکاریانە، هەروەها لێپرسینەوە لە پ.د.ک بکات لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان دەیکەن.

دەقی نامەکە:

ئازادی بۆ رفێنراوانی بادینان..

نامەیەکی کراوە بۆ ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ

رۆژ : ٣١ی جێنیوەری ٢٠١٩

بۆ: نەتەوە یاکگرتووەکان، وە ئەمنستی ئەنتەر ناشناڵ

بابەت: هەڕەشەی دەوڵاتی تورکیاو پارتی دیموکراتی کوردستان-پارتی لە هاوڵاتیانی بادینان

وەک ئاگادارن کە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٥ وە سنوری بەزاندوە بەرەو خاکی کوردستان و چوەتە ناو گوندو ناحیەو شارۆچکەکانی کوردستانەوە. تەنها لە ساڵی ٢٠١٥وە سوپای تورکیا نزیکەی ٣٥٠ جار بۆردۆمانی ئەو ناوچانەی کردوە. بێجگە لەوەی کە ئەم کارە شکاندنی یاسا نێو دەوڵەتیەکانە، هەروەها ئەم کارە بوەتە هۆی دروستکردنی نائارامی و دڵەڕاوکی بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە. لەگەڵ هەر بۆردومانێکی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا چەندین هاوڵاتی بوونەتە قوربانی، و وێرانکردنی زێدو هەروەها دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێی هەمیشەیی بۆ خەڵکی سیڤیلی ئەو ناوچانە.

ڕاپەڕێنی هاوڵاتیانی شارۆچکەی شێڵادزێ لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بەرواری ٢٦ی جێنێوەری کاردانەوەی بۆردومانەکانی چەند هەفتەی پێشووی فڕۆکەکانی تورکیا بوو. سوپای تورکیا بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان-پ.د.ک هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران کە بوە هۆی گیان لە دەستدانی حسێن ڕێکانی تەمەن ١٢ ساڵان. هەروەها پارتی پ.د.ک زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتیان ڕفاندوە بۆ شوێنی نادیارو چارەنووسی نادیار. خێزانەکانیان لە خەمی ئەوەدان ئەگەر ئازارو ئەشکەنجە بدرێن و هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کە پ.د.ک ئەیەوێت ئەو هاوڵاتیانە تەسلیم بە تورکیا بکات تا دڵسۆزی خۆیان بۆ تورکیا دوپات بکەنەوە وەک حەلیفێکی دڵسۆزی ئەوان.

هەمووشمان دەزانین کە تورکیا ریکۆردێکی ڕەش و خراپی تۆمار کردوە لە بارەی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤەوە، هەروەها پ.د.ک ش بوەتە خاوەنی ناوبانگێکی ڕەش و خراپ لەو بارەیەوە. هەر بۆیە ئێمە داواتان لێ دەکەین کە لەم بارەیەوە بچنە ناو بابەتەکەوە تا ژیانی ئەو هاوڵاتیانە لە ئازارو ئەشکەنجەو زیندانی کردن و لەناو بردن ڕزگار بکەن.

بێدەنگی و دواخستنی کارکردن و هەنگاو نان لە بارەی ئەم کێشەو پێشێل کاریانەی مافی مرۆڤەوە ئەبێتە هۆی هەڕەشەی زیاتر لەسەر ژیانی ئەو هاوڵاتیانە. ئێمە ئەوە لەبەرچاو دەگرین کە ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئاماژەی بە کوژراوەکانی هەندێک لەو گوندو شارۆچکانە کردوە کە ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی پێویستە بێتە دەنگ و سوپای تورکیا ڕاگرێت لەو سنور بەزاندن و پێشێلکاریانەو، هەروەها لێپرسینەوە لە پ.د.ک بکات لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان دەیکەن. ئەم کارەش بە دەنگی ئێمەو پشتیوانی و بەدەنگەوە هاتنی ئێوە دەبێت.

لەگەڵ ڕێزمان،

کەژاڵ حەمە ڕەشید

نیازی حامد برایم

چالاکوانانی مافی مرۆڤ-تۆرۆنتۆ/کەنەدا

ک.ک